دێر کلاسیکێر.. هەردووکیان نەدۆڕاون و دەیانەوێت یارییەکی دیکە ببەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرنجڕاکێشترین و بەهێزترین یاریی ئەڵمانیا دەکرێت، دێرکلاسیکێر هەردوو یانەی بایرن میونشن و بۆرووسیا دۆرتموند کۆدەکاتەوە.
لە رکابەرییەکانی گەڕی حەوتەمی بوندێسلیگادا، کاژێر 19:30 یانەی بایرن میونشنی پێشەنگی ریزبەندی خولەکە لە یاریگەی ئالیانز ئارێنا میوانداریی بۆرووسیا دۆرتموندی دووەمی ریزبەند دەکات.
هەردوو یانە لەم وەرزەدا نەدۆڕاون و دەیانەوێت رکابەرەکەیان تووشی یەکەم شکست بکەن، بایرن میونشن هەر شەش یارییەکەی بردووەتەوە، دۆرتموند بە چوار بردنەوە و دوو یەکسانبوون لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەیە.
دوو هێرشبەری بەتوانای خولەکە، ئەمڕۆ سەرکردایەتیی تیپەکانیان دەکەن و دەیانەوێت تۆڕی رکابەرەکەیان بهەژێنن، هاری کەین لە بایرن میونشن خاوەنی 11 گۆڵە و پێشەنگی گۆڵکارانی خولەکەیە، سێرهۆ گێراسی لە بۆرووسیا دۆرتموند ئەستێرەی یەکەمە و لەم وەرزەدا چوار گۆڵی تۆمارکردووە.
لە دوایین دوو یارییدا لە یاریگەی ئالیانز ئارێنا، بایرن میونشن لە دۆرتموندی نەبردووەتەوە، یارییەکی دۆڕاندووە و لە یارییەکدا یەکسانبووە، ئەمشەو دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی ریکۆردێکی دیکە تۆماربکات و حەوت سەرکەوتنی لەسەریەک بەدەستبهێنێت.