بارسێلۆنا بەبێ 7 یاریزانی دەیەوێت بچێتەوە پێشەنگ
رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا بەبێ ژمارەیەکی زۆر لە یاریزانەکانی یاری دەکات و دەیەوێت بە شێوەیەکی کاتی بگەڕێتەوە پێشەنگی ریزبەندی لالیگا.
لە دەستپێکی یارییەکانی گەڕی نۆیەمی خولەکەدا کاژێر 17:15 یانەی بارسێلۆنا لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر یانەی جیرۆنا یاری دەکات و چاوی لە بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی دیکەیە، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی کاتی بگەڕێتەوە پلەی یەکەمی ریزبەند و بردنەوەی یارییەکە بکاتە ورەیەکی زیاتر بۆ ئامادەبوونیان بۆ یاریی کلاسیکۆ.
بۆ ئەم یارییە هەریەکە لە رافینیا، رۆبێرتۆ لیڤاندۆڤسکی، فێران تۆرێس، دانی ئۆلمۆ، گاڤی، تێرشتیگن و خوان گارسیا پێکانیان هەیە و بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن، بەڵام لامین یامال بەتەواوی ئامادەیە و چاوەڕواندەکرێت بەشداری لە یارییەکەدا بکات.
بارسا بە شەش بردنەوە، یەکسانبوون و دۆڕانێک 19 خاڵی هەیە و لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەیە، یانەی جیرۆنا لە دۆخێکی خراپدایە، لە هەشت یاریی رابردوودا نیوەی یارییەکانی دۆڕاندووە، بردنەوەیەک و سێ یەکسانبوونی هەیە و ئێستا لە پلەی حەڤدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە.
لە 11 یاریی نێوان هەردوو یانەدا، جیرۆنا تەنیا دوو یاریی لە بارسێلۆنا بردووەتەوە و 7 جار دۆڕاوە، دوو یاریی نێوان هەردوو یانەش بەیەکسانبوون کۆتاییهاتوون.