ڤیدیۆ؛سوارێز درەوشایەوە و مێسی رزگارکەری تانگۆ بوو
رووداو-هەولێر
لە یارییەکی دۆستانەدا هەردوو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و ئۆرۆگوای یەکسانبوون.
یارییەکە لە شاری تەل ئەڤیڤی ئیسرائیل کرا، ئەنجامەکەش دوو گۆڵ بۆ هەرلایەکیان بوو، ئەستێرەی یارییەکەش لویس سوارێز لە ئۆرۆگوای و لیۆنێل مێسی لە ئەرجەنتین بوون.
لە نیوەی یەکەمدا هەردوولا بە تووندوتیژی یارییان دەکرد، ناوبژیوان ناچاربوو پێنچ کارتی زەرد بەرزبکاتەوە، لەم گێمەدا لویس سوارێز ئاسیستێکی بۆ کاڤانی کرد و گۆڵی یەکەمیان بۆ ئۆرۆگوای تۆمارکرد.
لە نیوەی دووەمدا لێدانێکی راستەوخۆ بۆ ئەرجەنتین هەژمارکرا و لە خولەکی ٦٣ ئەگوێرۆ بە ئۆڤەرێکی مێسی بە لێدانی سەر ئەنجامەکەی راستکردەوە، کەچی پاش پێنچ خولەک لویس سوارێز بە لێدانێکی راستەوخۆی جوان گۆڵی دووەمی سێلێستێی تۆمارکرد.
لە دواخولەکی یارییەکەشدا لیۆنێل مێسی بە لێدانێکی سزا کە تۆپەکە بەردەستی مارتن کاسیرێس کەوت، توانی گۆڵی یەکسانبوونەوەی ئەنجامەکە تۆماربکات.
مێسی بەو گۆڵە ژمارەی گۆڵەکانی لەگەڵ ئەرجەنتین گەیاندە ٧٠ گۆڵ، بۆ دووەم یاریش لەسەریەک گۆڵی بۆ ئەرجەنتین تۆمارکرد.