یاریگەی یاریی کۆتایی مۆندیالی 2030 یەکلاکرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) بڕیاری خۆی لەبارەی یاریگەی، یاریی کۆتایی مۆندیالی 2030 یەکلاکردووەتەوە.
بەپێی میدیای ئیسپانیا، نزیکترین یاریگە بۆ میوانداریکردنی یاریی کۆتایی مۆندیالی 2030 کە هەریەکە لە ئیسپانیا، پۆرتوگال و مەغریب میوانداریی دەکەن، یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆی تایبەت بە یانەی ریال مەدریدە.
بڕیارە یاریی کۆتایی مۆندیالەکە رۆژی 21ی شەشی ساڵی 2030 ئەنجام بدرێت.
رۆژنامەی 'ئەی ئێس'ی ئیسپانی دەڵێ، پەیوەندیی تووندوتۆڵی نێوان جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا و فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، هۆکاری دەستنیشانکردنی یاریگەی یانەکە دەبێت بۆ ئەو رووداوە گرنگە لە ساڵی 2030.
ئەگەر یارییەکە لەسەر سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئەنجام بدرێت، ئەوە دەبێتە دووەمجار ئەو یاریگەیە هەمان یاریی لەسەر ئەنجام دەدرێت، پاشئەوەی میوانداریی یاریی کۆتایی مۆندیالی 1982ی کرد بەر لە چل و هەشت ساڵ.
پێشبینیدەکرێت لە دوا مانگەکانی ساڵی داهاتوودا، ناوی 18 شاری میوانداریکەری مۆندیالی 2030 لە هەرسێ وڵات، مەغریب، پۆرتوگال و ئیسپانیا ئاشکرا بکرێت.
بەپێی یاساکانی فیفا، ئەو وڵاتانەی میوانداریی مۆندیال دەکەن، دەتوانن یاریگەی یانەکانی وڵاتەکەیان بۆ ماوەی سێ مانگ، بەکرێ وەربگرن.