سوارێز لەگەڵ مێسی لە هیندستانە و گرێبەستەکەی نوێکرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
لویس سوارێز، هێرشبەری ئۆرۆگوایی لەگەڵ مێسی بەردەوامدەبێت و گرێبەستەکەی لەگەڵ ئینتەرمەیامی بۆ وەرزێکی دیکە نوێکردەوە.
یانە ئەمریکییەکە کە بەم دواییە نازناوی خولی ئەمریکا (MLS)ـی بەدەستهێنا، رایگەیاند سوارێز گرێبەستێکی بۆ یاریکردن لە وەرزی 2026 واژۆ کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە "ئێل پێستۆلێرۆ" تەمەنی دەبێتە 39 ساڵ. وردەکاریی دارایی گرێبەستەکەش ئاشکرا نەکراوە.
بەمەش سوارێز بۆ کردنەوەی یاریگا نوێیەکەی یانەکە لە ساڵی داهاتوو، کە دەکەوێتە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەیامی، لەگەڵ لیۆنێل مێسیی ئەستێرەی ئەرجەنتینی دەمێنێتەوە.
ئەمە دەبێتە وەرزی سێیەمی سوارێز لەگەڵ ئینتەر مەیامی. گۆڵکارە مێژووییەکەی ئۆرۆگوای، کە پێشتر یاری بۆ یانەکانی بارسێلۆنا، لیڤەرپوول، ئاتلێتیکۆ مەدرید و ئەیاکس کردووە، لە کۆی 50 یاری لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان، 17 گۆڵی تۆمارکردووە و 17 ئەسیستی هەبووە، هەروەها رۆڵی هەبووە لە گەیشتنی تیپەکەی بە قۆناخی 16ـی جامی جیهانیی یانەکان.
لە چوار یاریی کۆتایی قۆناخی پلەی ئۆفدا، سوارێز رۆڵێکی لاوەکی قبووڵ کرد و لە یاریی کۆتایی جامی MLS بەرامبەر ڤانکۆڤەر بەشداریی نەکرد، کە تێیدا یانەکەی بە 3-1 سەرکەوتنی بەدەستهێنا. لەو یارییەدا ماتێۆ سیلڤێتی، هێرشبەری ئەرجەنتینی تەمەن 19 ساڵ لە شوێنی ئەو یاریی کرد.
مانەوەی سوارێز لە کاتێکدایە، ئینتەر میامی دەستیکردووە بە گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە پێکهاتەکەیدا، ئەوەش دوای وازهێنانی هەریەکە لە سێرخیۆ بوسکێتس و خۆردی ئالبا، کە پێشتر لە بارسێلۆنا هاوڕێی مێسی و سوارێز بوون. هاوکات یانەکە گرێبەستکردنی لەگەڵ سێرجیۆ ریگیلۆن، بەرگریکاری چەپی ئیسپانی راگەیاندووە.