ریال مەرجێکی سەیری بۆ رۆیشتنی ئێندریک داناوە

رووداو دیجیتاڵ
 ئێندریک نزیکە لەوەی بەشێوەی خواستن رووبکاتە یانەی لیۆنی فەرەنسی و ریال مەدریدیش مەرجی بۆ داناون.
 
ئێندریک، ئەستێرەی لاوی ریال مەدرید، دوای بەسەربردنی وەرز و نیوێک لەو یانەیە، وابڕیارە لە گواستنەوەی زستانە ریزەکانی ئەو یانەیە جێبهێڵێت و بەخواستن رووبکاتە یانەی لیۆنی فەرەنسی.
 
بەپێی میدیای ئیسپانیا، هەموو شتێک کۆتاییهاتووە و ریال مەدرید و ئۆڵۆمپیک لیۆن رێککەوتوون لەسەر ئەوەی ئێندریک لە مانگی 1ـی ساڵی داهاتووەوە تاوەکو کۆتایی وەرز لەگەڵ یانە فەرەنسییەکە بەردەوامبێت، بەپێی هەمان سەرچاوە، یانەی ریال مەدرید مەرجێکیان لە گرێبەستەکەی ئێندریک داناوە، یانەی لیۆنیان پەیوەست کردووە بەوەی لای کەم، ئێندریک لە 25 یاریدا بەشداربێت لەگەڵ ئەو یانەیە.
 
بەپێی میدیای فەرەنسا، ئێندریک لە 29/12/2025 یەکەم راهێنانی خۆی لەگەڵ یانەی لیۆن ئەنجامدەدات و بۆ یاریی مۆناکۆ و لیۆن لە رۆژی 3/1/2026 ئامادەدەبێت.
 
ئێندریک لەم وەرزەدا، تەنیا لە 3 یاریدا بەشداربووە و لەبەر ئەوە، ئەو یاریزانە داوای لە یانەکە کرد رێگەی بدەن بەخواستن رووبکاتە یانەیەکی دیکە، بۆ ئەوەی هەلی یاریکردنی زیاتر بێت.