رافینیا لە بەجێهێشتنی بارسێلۆنا نزیکبووەتەوە


رووداو - هەولێر

یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی رافینیا ئەلکانتارا، یاریزانی یانەی بارسێلۆنا چڕکردووەتەوە و دەیەوێت ئەو یاریزانە بباتە ریزەکانی.

گفتوگۆی نێوان هەردوو یانە بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە بۆ ریزەکانی یانە ئیتاڵییەکە بەردەوامە، ئینتەرمیلان دەیەوێت رافینیا بەشێوەی خواستن و ئەگەری کڕینەوەی بەرامبەر 35 ملیۆن یۆرۆ بباتە ریزەکانی.

ماڵپەری سپۆرتی ئیتاڵیا رایگەیاندووە، ئەو گرێبەستە بارسێلۆنای رازی نەکردووە و یانەکە داوای 40 ملیۆن یۆرۆ دەکات بۆ دەستبەرداربوون لەو یاریزانە.

تەنیا یەک هەفتە بۆ گواستنەوەی یاریزانان ماوە و یانە ئیتاڵییەکە بەهەر شێوەیەک بێت دەیەوێت یاریزانە 24 ساڵییەکە بباتە ریزەکانی و ئامادەیە گرێبەستەکەی لەپێنا گواستنەوەی ئەو یاریزانە بۆ 38 ملیۆن یۆرۆ بەرزبکاتەوە.

پێدەچێت داواجار هەردوو یانە لەسەر گواستنەوەی ئەو یاریزانە بۆ نیرازۆری بگەنە رێککەوتن و رافینیا ئەلکانتارا بارسێلۆنا بەرەو ئیتاڵیا بەجێبهێڵێت.