کێشەی کچە یاریزانە سزادراوەکان و یەکێتی تۆپی پێ چارەسەر دەکرێت
کێشەی کچە یاریزانەکانی فووتساڵی یانەکانی کوردستان کە لە خولی نایابی عێراق یارییان کردبوو لەگەڵ یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان چارەسەردەکرێت.
سەفین کانەبی، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەو کچە یاریزانانەی یانەکانی کوردستان کرد کە لە خولی نایابی عێراق یارییان کردبوو، کانەبی بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکانی بە یاریزانەکان دا و رایگەیاند کە لەگەڵ سەرۆکی دەستەی کاتیی یەکێتی تۆپی پێی عێراق قسەیکردووە و کێشەکان چارەسەر دەکرێن.
ئەو هەشت کچە یاریزانەی فوتساڵی کوردستان، کە رۆژی شەممەی رابردوو لە لایەن یەکێتی تۆپی پێی کوردستان، بە بڕی 150 هەزار دینار سزا دران، لەلایەن سەفین کانەبی، سەرۆکی یەکێتی یەکێتی تۆپی پێی کوردستانەوە، سزا داراییەکەی سەر کچە یاریزانەکانی لە گیرفانی خۆی دا کە بڕەکەی ملیۆنێک و 200 هەزار دینار بوو.
بەهۆی ئەوەی کە خولی فووتساڵی کوردستان هێشتا تەواونەبووە، یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بڕیاریدا کە نابێت هیچ یاریزانێکی کورد لە خولی عێراقی یاریبکات و خولی کوردستان جێبهێڵێت، ئەمەش لەلایەن چەند یاریزانێکەوە شکێندرا بە بیانووی ئەوەی کە پاڵەوانی خولەکە دەرکەوتووە.