سەیرترین یاریی کۆتایی.. سەنیگال لە مەغریبی بردەوە و بووە پاڵەوان


رووداو دیجیتاڵ

لە یارییەکی دراماتیکی و سەرنجڕاکێشدا، هەڵبژاردەی سەنیگال بەشێوەیەکی سەیر یاریی کۆتایی جامی ئەفریقای بردەوە و سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

یاریی کۆتایی جامی ئەفریقا لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی مەغریب و سەنیگال لە یاریگەی مولای عەبدوڵڵا لە ریبات بەڕێوەچوو.

بەر لە دەستپێکردنی یارییەکە کەرنەڤاڵی هونەری و نمایشی سەرنجڕاکێش پێشاندران و جامی پاڵەوانێتییەکە هێنرایە نێو یاریگە.

دوای ئەوە یارییەکە دەستیپێکرد، سەنیگال بەهێزترەوە چووە نێو رکابەرییەکە، بەڵام یاسین بۆنۆ وەکو هەمیشە باشترین بوو رێگریی لە هێرشەکان دەکرد.

نیوەی یەکەمی یارییەکە بەبێ گۆڵ تەواو بوو.

لە نیوەی دووەمدا هەردوولا هێرشەکانیان بۆ سەر گۆڵی یەکدی بەردەوامبوو، مەغریبییەکان چاویان لەوەبوو لە خاکی خۆیاندا ببنە پاڵەوان، بۆ ئەوەش گوشاری زیاتریان خستە سەر گۆڵی ئێدوارد مێندی.

لە خولەکی 98 لێدانێکی سزا بۆ مەغریب هەژمارکرا، هەژمارکردنی لێدانەکە کاردانەویەکی چاوەڕواننەکراوی سەنیگالییەکانی بەدوای خۆیدا هێنا، یاریزانانی هەڵبژاردەکە ناڕەزایەتیی زۆریان بەرامبەر بڕیاری ناوبژیوان پێشاندا، بەتایبەت کە بەر لەلێدانەکە گۆڵێکی سەنیگالی رەتکردەوە.

راهێنەری سەنیگال داوای لە یاریزانەکانی کرد لە یاریگە بچنە دەرەوە و ئامادەنەبوون یارییەکە درێژە پێبدەن، دوای زیاتر لە 15 خولەک لە وەستانی یارییەکە، سادیۆ مانێ چووە ژووری جلگۆڕینی هەڵبژاردەکەی و یاریزانەکانی گەڕاندەوە نێو یاریگە.

لێدانە سزاکە لەلایەن براهیم دیازەوە جێبەجێکرا، بەڵام بە پانێنکا جێبەجێی کرد و مێندی زۆر بە ئاسانی تۆپەکەی گەڕاندەوە، یاریزانەکە گریا، یارییەکە بەبێ گۆڵ تەواو بوو و هەردوولا پەنایان بردە بەر کاتی زیادکراو.

چوار خولەک دوای دەستپێکردنی کاتی زیادکراوی یارییەکە، پاپا گێی بەلێدانێکی بەهێز گۆڵێکی بۆ هەڵبژاردەی سەنیگال تۆمارکرد.


دوای ئەوە مەغریب زۆر هەوڵیدا ئەنجامەکە راستبکاتەوە و نازناوەکەی لەدەست نەچێت، بەڵام مێندی لەبەردەم هێرشبەران وەستا.

یارییەکە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی سەنیگال تەواو بوو، سادیۆ مانێ و هەڵبژاردەکەی جارێکی دیکە نازناوی جامی ئەفریقایان بردەوە و بوونە پاڵەوانی کیشوەرەکە.