لێدوانی بەڕێوەبەری کارەکانی یۆرگن کڵۆپ لەبارەی مەشقدانی یانەی ریال مەدرید


رووداو دیجیتاڵ

مارک کۆسیک، بەڕێوەبەری کارەکانی یۆرگن کڵۆپی راهێنەری ئەڵمانی، قسەی لەبارەی ئەگەری مەشقدانی یانەی ریال مەدرید لەلایەن ئەو راهێنەرە ئەڵمانییەوە کردووە.
 
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، کڵۆپ دڵخوازترین بەربژێری مەشقدانی یانەی ریال مەدریدە لە هاوینی داهاتوودا.
 
ریال مەدرید چەند هەفتەیەکی پڕ لە سەرئێشە و کێشەی هەبوو، پاشئەوەی لە دوای شکست لە جامی سوپەری ئیسپانیا بەرامبەر بارسێلۆنا، بڕیاری دوورخستنەوەی چابی ئەلۆنسۆی لە مەشقدانی یانەکەدا و لە شوێنی ئەو، ئەلڤارۆ ئەربێلوا بەڕێوەبردنی تیپەکەی وەرگرت.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، دانانی ئەربێلوا مایەی دڵنیایی نییە بۆ بەرپرسانی ریال مەدرید، بەتایبەت کە لە یەکەم یاریدا بەرامبەر ئەلباسێتی لە جامی شای ئیسپانیا، دووچاری شکست بوو.
 
تۆڕی 'دیڤێنستا سێنتراڵ'ی ئیسپانی دەڵێ، کوسیکی بەڕێوەبەری کارەکانی کڵۆپ، بەدووری نازانێت لەبەر مەشقدانی ریال مەدرید، ئەو راهێنەرە کارەکەی ئێستای لە کۆمپانیای رێدبوڵ بەجێبهێڵێت.
 
کڵۆپ بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی تۆپی پێیە لە 'رێدبوڵ'. لە دوایین لێدواندا بەئاشکرا ویستی مەشقدانی ریال مەدریدی رەتنەکردەوە، بەڵام ئاماژەی بەبوونی کێشە لە یانەکەدا.
 
کوسیک گوتویەتی، پێموایە کڵۆپ وابیردەکاتەوە، کە دەکرێ ببێتە راهێنەری ریال مەدرید و ئەوە بژاردەیەکە، ئەگەری روودانی لە ئارادایە.
 
کڵۆپ، بەیەکێک لە سەرکەوتووترین راهێنەرانی ساڵانی رابردووی تۆپی پێی جیهان ناودەبرێت، پاشئەوەی پێشەوایەتیی لیڤەرپوولی کرد بۆ بەدەستهێنانی سەرجەم نازناوەکان، لەنێویاندا پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگ.