نهێنییە گەورەکە ئاشکرابوو، پێرێز بەتەلەفۆنێک لاپۆرتای کردووەتەوە بە سەرۆکی بارسێلۆنا


رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، رۆڵی گەورەی هەبووە لە گەڕانەوەی خوان لاپۆرتا بۆ سەرۆکایەتیی یانەی بارسێلۆنا.
 
سەرچاوەکان، رووداوەکەیان بەئاشکراکردنی سوپرایزێکی گەورە ناوبردووە.
 
رۆژنامەی 'لا کۆنفیدێنسیال'ی ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، لاپۆرتا لە گەڕانەوەیدا بۆ سەرۆکایەتیی بارسێلۆنا، قەرزاری پێرێزی سەرۆکی ریال مەدریدە.
 
هەواڵی رۆژنامەکە لە کاتێکدایە، پەیوەندییەکانی نێوان ریال و بارسا لەوپەڕی خراپیدایە و بەر لە یاریی کلاسیکۆ، خوان لاپۆرتا گوتی، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ریال مەدرید پچڕاوە.
 
ناکۆکیی نێوان هەردوو یانە، پەیوەندی بەدۆسێی نیگرێرا و پاشەکشەی بارسێلۆنا لە پڕۆژەی 'سوپەرلیگ' هەیە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، لە کاتی هەڵبژاردنەکانی پێشووی سەرۆکایەتیی بارسێلۆنادا، لە کاتێکدا خوان لاپۆرتا پێویستی بەدانانی بڕی 124،6 ملیۆن یۆرۆ هەبوو لە بانکی 'سابادێل'، لە نێو ئەژمارە بانکییەکانی یانەی بارسێلۆنا لە بانکەکە، بۆ دەستەبەرکردنی مافی خۆ بەربژێرکردنەوە بۆ سەرۆکایەتیی یانەکە، لاپۆرتا ئەو بڕە پارەیەی بەدەستەوە نەبووە، بەڵام پێرێز گوشاری لەسەر بانکەکە دروستکردووە، بۆ هاوکارییکردنی لاپۆرتا.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، لاپۆرتا ئەو بڕە پارەیەی بەدەستەوەنەبووە، بەڵام کاتێک پێرێز لە رووداوەکە ئاگاداربووەتەوە، گوشاری زۆری لەسەر بانکەکە دروستکردووە، تاوەکو بەجۆرێک لە جۆرەکان ئەو بڕە پارەیە بۆ لاپۆرتا دابین بکەن، تاوەکو بیخاتە سەر ئەژمارە بانکییەکانی یانەکە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، پێرێز پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ بەرپرسانی بانکەکەدا هەیە.
 
هەمان رۆژنامە دەڵێ، بەرپرسانی بانکی 'سابادێل'، لەسەرەتاوە لە دەستەبەرکردنی پارەکە لەلایەن خوان لاپۆرتاوە دوودڵبوون، بەتایبەت کە یانەی بارسێلۆنا، بەتەنگژەیەکی گەورەی داراییدا تێدەپەڕی و هیچ شتێک مایەی دڵنیایی نەبوو.
 
'لا کۆنفیدێنسیال' دەڵێ، بڕیاری کۆتایی بانکەکە دابین نەکردنی پارەکە بووە بۆ لاپۆرتا، بەڵام پێرێز بەچەندین شێوەی جیاواز و لە نێویاندا تەلەفۆنی راستەوخۆ بۆ بەرپرسانی بانکەکە، گوشاری خستووەتە سەریان تاوەکو کارەکە جێبەجێ بکەن.
 
هۆکاری دەستگیرۆییەکەی سەرۆکی ریال مەدرید بۆ لاپۆرتا، بەپێی رۆژنامەکە، ئەوەبووە کە پێرێز پێیوابووە، لاپۆرتا هاوبەشێکی ستراتیجی دەبێت لە پڕۆژەی 'سوپەرلیگ' و تاوەکو بەجێگەیاندنی بیرۆکەکە، پشتگیریی دەکات.
 
هەمان رۆژنامە دەڵێ، بەهۆی گوشارەکانی پێرێزەوە، کارەکەی لاپۆرتا جێبەجێ بووە، بەڵام ئێستا پەیوەندیی نێوان ئەو دوو پیاوە بەتەواوی پچڕاوە، پاشئەوەی لاپۆرتا لە پڕۆژەی 'سوپەرلیگ' کشایەوە و چووەوە بەرەی دژی پڕۆژەکە.
 
پڕۆژەی 'سوپەرلیگ'، بیرۆکەی فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدریدە، لەپێناو هێنانەئارای پاڵەوانێتییەکی بەهێزتر و دەوڵەمەندتر لە جێگەی چامپیۆنزلیگ.
 
پێرێز دەیەوێت بەو پڕۆژەیە، ئەگەری مایەپووچبوون و بێپارەیی لە یانە گەورەکانی ئەورووپا دووربخاتەوە، بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا و دەستەی یانە پیشەگەرەکانی ئەورووپا، کە ناسڕ خلێفی سەرۆکایەتی دەکات، بەتووندی لە دژی پڕۆژەکە وەستانەوە.