تیروپشکی جامی شا راکێشرا و بارسێلۆنا ئەرکی ئاسانە
رووداو دیجیتاڵ
تیروپشکی قۆناخی 8ی جامی شای ئیسپانیای 2025-2026، ئەمڕۆ لە بارەگای سەرەکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا لە لاس رۆزاس ئەنجامدرا، تێیدا چوار رووبەڕووبوونەوەی یەکلاکەرەوە دیاریکران کە تیپی سەرکەوتوو بۆ قۆناخی پێشکۆتایی دیاریی دەکەن.
یارییەکانی قۆناخی هەشتی جامی شای ئیسپانیا، بە شێوازی یەک یاری و لە نێوان 3 بۆ 5ی مانگی 2 بەڕێوە دەچن.
یانەی بارسێلۆنا کەوتە بەرامبەر یانەی ئەلباسێتی، کە تیپی سوپرایزی پاڵەوانێتییەکەیە. یارییەکە لە یاریگای (کارلۆس بێلمۆنتی) ئەنجامدەدرێت، چونکە ئەلباسێتی تاکە یانەی ماوەتەوە لە خولی پلەدووی ئیسپانیا.
ئەلباسێتی دوای ئەوەی لە قۆناخی 16دا بە ئەنجامی 3-2 لە ریال مەدریدی بردەوە، سەرنجی هەموو ئیسپانیای بۆ لای خۆی راکێشا، کە ئەمەش یەکێک بوو لە گەورەترین شۆکەکانی ئەم وەرزەی جامی شای ئیسپانیا.
لە یارییەکانی دیکەشدا، یانەی ریال بێتیس لە یاریگای خۆیدا میوانداریی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات، یارییەکە رووبەڕووبوونەوەیەکی لووتکە لە شاری سێڤییا دروست دەکات.
ڤالێنسیا لە یاریگای 'مێستایا' رووبەڕووی ئاتلێتیک بیلباو دەبێتەوە، لە کاتێکدا دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس لە یاریگەی تایبەت بەخۆیدا میوانداری ریال سۆسیداد دەکات.
یارییەکانی قۆناخی چارەکی کۆتایی تەنیا یەک یاری دەبن، لە حاڵەتی یەکسانبوونی یارییەکەشدا، کاتی زیادکراو و لێدانی سزا براوەی یارییەکە یەکلا دەکەنەوە. دواتر یارییەکانی قۆناخی پێشکۆتایی بە شێوازی هاتن و چوون ئەنجام دەدرێن.
بە هەبوونی یانە زلهێزەکان، رکابەرە بەهێزەکان و تیپە سوپرایزەکان لە ناو پاڵەوانێتییەکەدا، جامی شا بەردەوامە لە پێشکەشکردنی شتی چاوەڕوانەکراو لە کاتێکدا ململانێکان بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی لە شاری سێڤییا تووندتر دەبن.