دوای هەڕەشە سەربازییەکانی، داوا دەکرێت خەڵاتی ئاشتی لە دۆناڵد ترەمپ بسەنرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی ناسراو بە 'فیفا'، روونکردنەوەیەکی فەرمی لەبارەی داواکارییەکان، بۆ سەندنەوەی خەڵاتی ئاشتی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڵاوکردەوە و دووپاتیکردەوە لەسەر بڕیاری پێدانی خەڵاتەکە بەو سەرۆکە، سەرەڕای ئەو هەڕەشە سەربازییانەی لە چەند وڵاتێکی جیاوازی جیهانی کردووە.
دۆناڵد ترەمپ لە 5ـی مانگی 12ـی 2025، پێش دەستپێکردنی تیروپشکی مۆندیالی 2026، یەکەمین خەڵاتی ئاشتی فیفای لەلایەن جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی پێدرا. سەرۆکە 79 ساڵانەکە لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە لە واشنتن گوتی "ژیانی دەیان ملیۆن کەسم لە مردن رزگار کردووە و رێگریم لە هەڵگیرسانی چەندین جەنگ کردووە".
دوای وەرگرتنی خەڵاتەکە، کارگێڕییەکەی ترەمپ رووبەڕووی رەخنەی تووند بووەوە، بەهۆی ئەنجامدانی کردەی سەربازی لە ڤێنزوێلا و دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ئەو وڵاتە. جگە لەوەش ترەمپ هەڕەشەی کردەی سەربازی لە ئێران، مەکسیک، کۆڵۆمبیا و گرینلاند کردووە و داوای لە حکومەتی دانیمارک کردووە، دەستبەرداری خاکی گرینلاند ببێت بۆ ئەمریکا، ئەمەش وایکرد کێر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئەو هەنگاوە بە کارێکی تەواو هەڵە ناوببات.
وتەبێژێکی فیفا رایگەیاندووە "فیفا بە تووندی پشتگیری لە خەڵاتی ئاشتی ساڵانەی خۆی دەکات، ئەم خەڵاتە بۆ ناساندنی ئەو کارە نائاساییانەیە بۆ ئاشتی و یەکگرتوویی ئەنجامدەدرێن". هەروەها ئاماژەی بەوە کرد ترەمپ پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ فیفا و وڵاتانی هاوکاری لە رێکخستنی مۆندیال (کەنەدا و مەکسیک) هەیە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستکردنی تیمی کاری کۆشکی سپی بۆ مۆندیالی 2026.
سەرەڕای ئەم بەرگرییانە لە ترەمپ، میدیا جیهانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن لە ناوخۆی فیفا، شەرمەزارییەکی زۆر لەلایەن بەرپرسەکانەوە هەستی پێدەکرێت سەبارەت بە پێدانی ئەو خەڵاتە بە ترەمپ، بەتایبەت دوای ئەو هەڕەشانەی لە چەند وڵاتێکی جیاوازی کردووە.