کۆتینیۆ، دەروونی تێکچووە و یانەکەی بەجێدەهێڵێت


رووداو دیجیتاڵ

فیلیپ کۆتینیۆ، ئەستێرەی نێودار تۆپی پێی بەرازیل دۆخی دەروونی تێکچووە و بڕیارییدا لە یانەی ڤاسکۆ دا گامای بەرازیلی بڕوات.
 
یاریزانە بەرازیلییەکەی پێشووی یانەکانی لیڤەرپوول و بارسێلۆنا، لە یاریی بەرامبەر ڤۆڵتا ریدۆندا گۆڕانکاریی پێکرا، هاندەران فیکەی ناڕەزایەتیان لە دژی یاریزانەکە لێدا، ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی یاریزانەکە دوای گۆرانکارییەکە تەنانەت نەگەڕێتەوە سەر کورسی یەدەگیش بۆ سەیرکردنی یارییەکە.
 
کۆتینیۆ لە راگەیێنراوێکدا لە ئینستاگرام نووسیوویەتی یانەکەی بەجێدەهێڵێت و ئێستا کاتی ئەوەیە هەنگاوێک پاشەکشە بکات.
 
یاریزانە بەرازیلییەکە دەڵێت "من هەرگیز بێڕێزی بە هاندەران، هاوتیپەکانم و یانەی ڤاسکۆ ناکەم. لە هیچ شوێنێک کە لێی بووبێتم کارێکی لەو شێوەیەم نەکردووە. ئەوانەی دەمناسن ئەوە دەزانن. لەو ساتەدا، لە کاتی گەڕانەوەم بۆ ژووری گۆڕینی جلوبەرگ، هەستم کرد و درکم پێکرد کە قۆناخەکەم لە یانەکە کۆتایی هاتووە، بۆیە نەگەڕامەوە تاوەکو تەندروستیی دەروونیی خۆم بخەمە پێش هەموو شتێکەوە."
 
فیلیپ زیاتر دەڵێت "ئەمە زۆر ئازاربەخشە. راستییەکەی ئەوەیە کە من لە رووی دەروونییەوە زۆر ماندووم. بە دڵێکی پڕەوە، تێدەگەم کە ئێستا کاتی ئەوەیە هەنگاوێک پاشەکشە بکەم و کۆتایی بەم قۆناخە بهێنم لە ڤاسکۆ. سوپاسگوزاری هەموو ئەو ساتانەم کە لێرە ژیام. ڤاسکۆ بۆ هەمیشە لەگەڵ خۆمدا دەهێڵمەوە؛ لە نێو دڵمدا، لە مێژوودا و لە ژیانمدا."
 
هەرچەند فیلیپ کۆتینیۆ راگەیێنراوەکەی بڵاوکردووەتەوە، بەڵام یانەی ڤاسکۆ هێشتا rۆیشتنی کۆتینیۆی بە فەرمی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
 
یاریزانەکە کاروانی وەرزشی خۆی لە ڤاسکۆ دەستپێکرد پێش ئەوەی بچێتە ئینتەرمیلان و دواتر لە ساڵی 2013 روو بکاتە لیڤەرپوول. لەوێ 54 گۆڵی لە 201 یاریدا بۆ "رێدز" تۆمارکرد، پێش ئەوەی لە ساڵی 2018 بە گرێبەستێکی 142 ملیۆن پاوەندی بچێتە بارسێلۆنا. دواتر لە یانەکانی بایرن میونشن، ئاستۆن ڤێلا و دحیل یاری کرد پێش ئەوەی دووبارە بگەڕێتەوە ڤاسکۆ.
 
کۆتینیۆ لەوەتەی لە ساڵی 2024 بۆ جاری دووەم گەڕایەوە یانەکە، 81 یاریی ئەنجامداوە و 17 گۆڵی تۆمارکردووە.
 
کۆتینیۆ لە کۆتاییدا راگەیێنراوەکەیدا گوتی: "من گەڕانەوەم بۆ ڤاسکۆ هەڵبژارد، چونکە ئاشقی ئەم یانەیەم. هەموو ئەو شتانەم خۆش دەوێت کە ڤاسکۆ لە ژیانمدا نوێنەرایەتییان دەکات. پۆشینی ئەم درێسە یەکێک بوو لە گرنگترین بڕیارەکان کە دابێتم و لە هەر یەکەیەکی مەشق و هەر یارییەکدا، هەمیشە باشترینی خۆمم پێشکەش کردووە!"