ئاشکرابوو ڤینیسیۆس لەکاتی شەڕەکەدا چی گوتووە
رووداو دیجیتاڵ
پسپۆڕێکی خوێندنەوەی لێوەکان، قسەکانی ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئاشکراکردووە، کاتێک رووبەڕووی جیانلوکا پرێستیانی یاریزانی بێنفیکا بووەوە لە یاریی نێوان هەردوو یانە لە پلەی ئۆفی قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ.
یارییەکە لە میدیای جیهانیدا بە 'بوومەلەرزە'ی وەرزشی ناوبرا، بەهۆی رووداوی رەگەزپەرستیی راستەوخۆ بەرامبەر یاریزانان.
رۆژنامەی 'ئابۆلا'ی پۆرتوگالی، لە زاری گۆستاڤۆ ماچادۆی پسپۆری خوێندنەوەی گفتوگۆی نێوان یاریزانان لە یاریگەکانی تۆپی پێ، کە ساڵانێکی زۆرە تایبەتمەندی ئەو بوارەیە، قسەکانی ڤینیسیۆسی بەرامبەر پرێستیانی ئاشکراکردووە.
پسپۆرەکە دەڵێ، ڤیدیۆی وردەکارییەکانی رووداوەکە بەر لە قسە رەگەزپەرستییەکان بەرامبەر ڤینی دەریدەخەن کە، مشتومڕەکە ئەوکات دەستیپێکردووە کە ڤینی ناڕەزایەتی بەرامبەر لیتکسیری ناوبژیوانی فەرەنسی دەردەبڕێت، بەهۆی پێدانی کارتی زەردەوە، ئەو لە ناوبژیوانەکە دەپرسێت، "بۆچی؟ بۆچی؟ تەنیا من؟ بۆچی کارتم دەدەیتێ ناوبژیوان؟".
بەپێی لێکدانەوەی ماچادۆ، ڤینیسیۆس پاشئەوەی گوێی لێدەبێت پرێستیانی شتێکی پێدەڵێت، راستەوخۆ بۆی دەڕوات و بەڕوویدا دەتەقێتەوە و بەسەریەکەوە پێی دەڵێت، "بێدەنگ بە، بێدەنگ بە ترسنۆک، تۆ ترسنۆک و نەفرەتیت.. هەی ترسنۆک".
لەو ساتەدا، پرێستیانی درێسەکەی دەخاتە سەردەمی بۆ شاردنەوەی ئەو قسانەی دەیانکات، پاشئەوە ڤینی کاتێک گوێی لە قسەکانی دەبێت، بەڕاکردن بەرەو لای ناوبژیوان دەڕوات و بەدەنگی بەرز پێی دەڵێت، "گوێبگرە، ناوبژیوان. ئەو منی بە مەیموون ناوبرد، ئەو پێی گوتم مەیموون، دەزانم چی گوت، دەزانم چی پێگوتم، کەچی تۆ هەر کارتی زەرد دەدەیتە من".
ڤینیسیۆس دوای ئەوە، جارێکی دیکە گەڕایەوە لای پرێستیانی و ئەمجارەش دەستیکردەوە بەقسە گوتن بەو و لە کۆتایی گرتەی ڤیدیۆیی رووداوەکەدا دەڵێ، "هەی ترسنۆک، تۆ یەک پارچە پۆخڵەواتیت".
پسپۆرە بەرازیلییەکە دووپاتیدەکاتەوە کە ڤینی قسەی زۆر ناشرینی بە پرێستیانی گوتووە، بەڵام ئەوە پێدەچێت پەرچەکردارێکی تووند بێت، بەرامبەر ئەو رەگەزپەرستییەی لەلایەن یاریزانە لاوەکەی بێنفیکاوە بەرامبەری کراوە.
رووداوەکە دەنگدانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، چەندین یاریزان و ئەستێرە پشتگیریی خۆیان بۆ ڤینیسیۆس دەربڕی و بنەماکانی تۆپی پێی جیهانی هەژاند و هەریەکە لە فیفا و یۆفا هاتنە سەر هێڵ بۆ یۆفا بڕیاریداوە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکات.