عەلی بولەیهی نهێنییەکی شەڕەکەی لەگەڵ مێسی ئاشکرا دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

عەلی بولەیهی، یاریزانی یانەی هیلال، کە ئێستا بەشێوەی خواستن چووەتە ریزەکانی یانەی شەباب، نهێنییەکی شەڕەکەی لەگەڵ مێسی ئاشکرا دەکات و دەڵێت "قسەیەک هەیە کە ناتوانم بیڵێم".
 
عەلی بولەیهی، ئەستێرەی یانەی هیلال کە بەم دواییانە بەشێوەی خواستن پەیوەندی بەریزەکانی یانەی شەبابەوە کردووە، وردەکارییە سەرنجڕاکێشەکانی شەڕە بەنێوبانگەکەی لەگەڵ لیۆنێل مێسی، کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەگێڕێتەوە، کە لە کاتی یاریی نێوان سعودیە و ئەرجەنتین لە مۆندیالی 2022ـی قەتەر روویدا.
 
دیمەنی بولەیهی لەگەڵ مێسی مشتومڕێکی زۆری نایەوە، ئەمەش دوای سەرکەوتنە مێژووییەکەی هەڵبژاردەی سعودیە بەسەر ئەرجەنتین بەئەنجامی 2-1 لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا. لەو پاڵەوانێتییەدا هەڵبژاردەی  سەوز  لە قۆناخی یەکەم ماڵئاوایی کرد، دوای ئەوەی لە پلەی چوارەمی کۆمەڵەکەیدا هات لەدوای ئەرجەنتین (کە بووە پاڵەوان) و پۆڵەندا و مەکسیک.
 
عەلی بولەیهی بەوە ناسراوە کە هەمیشە لە ناو لاکێشەی سەوزدا مشتومڕ دروست دەکات، ئەمەش بەهۆی رەفتارە گاڵتەجاڕییەکانی و ئاهەنگگێڕانە جیاوازەکانی، جگە لەوەی بەردەوام لەگەڵ یاریزانانی تیپی بەرامبەر دەبێتە دەمەقاڵێی، ئەمەش وای لێکردووە هەمیشە لە ژێر تیشکی میدیاکاندا بێت، چ بەهۆی ئاستە بەرگرییەکەی بێت یان بەو دیمەنانەی کە هاندەران دەورووژێنن.
 
بولەیهی بۆ شەباب
 
لە مێرکاتۆی زستانی رابردوودا، یانەی هیلال رایگەیاند کە بلێهی بەشێوەی خواستن داوەتە یانەی شەباب، دوای ئەوەی لە پلانەکانی سیمۆنی ئینزاگی راهێنەری ئیتاڵیدا نەمایەوە.
 
لە کاتی هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ حەلیمە بوڵەندی پێشکەشکار، کاتێک وێنەی رووداوە بەنێوبانگەکەی نیشان درا، بولەیهی گوتی "حەڵەتەکە ئاڵنگارییەکی گەورە هەبوو، چونکە یاریزانێکی ئەرجەنتینی گوتبووی یارییەکەیان بەرامبەر سعودیە وەک مەشق و پڕۆڤەیەک دەبێت بۆ دەستپێکی مۆندیال".
 
بولەیهی گوتیشی "بە عەرەبی قسەم لەگەڵ مێسی دەکرد، ئەو قسانەی پێمگوتن ناتوانم لە تەلەڤزیۆن ئاشکرایان بکەم، بەخوا ناتوانم بیڵێم".
 
رووداوەکەی رۆناڵدۆ
 
بولەیهی هەروەها باسی لە کێشەکەی لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ کرد لە یەکێک لە یارییەکانی هیلال بەرامبەر نەسڕ، کە تێیدا ئەستێرە پۆرتوگالییەکە بە کارتی سوور دەرکرا.
 
ئەو گوتی "کەس لە ناو یاریگەدا منی خۆش ناوێت، چونکە ئامانجی من هەمیشە تەنیا بردنەوەیە. زۆر جدیم، تەنانەت ئەگەر برام لە بەرامبەرم بێت لە ناو یاریگەدا نایناسمەوە. ناتوانم بڵێم چیم بە رۆناڵدۆ گوت، بەڵام ئەگەر منیش لە شوێنی ئەو بوومایە، تووڕە دەبووم و هەمان ئەو کارەم دەکرد کە ئەو کردی".
 
لە ماوەی هەشت وەرز و نیو لەگەڵ یانەی هیلال، بولەیهی 263 یاری لە پاڵەوانێتییە جیاوازەکاندا ئەنجامداوە، 23 گۆڵی تۆمارکردووە و 3 ئەسیستی هەبووە، هەروەها بەشدار بووە لە بەدەستهێنانی چەندین نازناوی ناوخۆیی و کیشوەری پێش ئەوەی بەم دواییانە بچێتە یانەی شەباب.