گواردیۆلا: بۆ پاراستنی مێسی هالاندم گۆڕی
رووداو دیجیتاڵ
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی جارێکی دیکە بە گاڵتەکردنەوە باس لە گۆڕانکاریکردن بە ئێرلینگ هالاند، ئەستێرەی یانەکەی دەکات.
لە یاریی بەرامبەر یانەی بێرنلی لە قۆناخی هەشتی جامی یەکێتیی ئینگلتەرا کە مانچێستەر سیتی 6-0 یارییەکەی بردەوە، هالاند هاتریکێکی دیکەی تۆمارکرد، بەڵام ئەمجارەش گواردیۆلا گۆڕانکاریی پێکرد، ئەمەش جارێکی دیکە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.
گواردیۆلا لە دوای یارییەکە گوتی "بڕیارمدا گۆڕانکاری بە هالاند بکەم، بۆ ئەوەی ریکۆردی مێسی لە جامی یەکێتیی ئینگلتەرادا نەشکێنێت، ئەو یاریزانێکە گرنگی بەوە نادات، گەشبینە و هەرگیز گلەیی ناکات."
پێپ زیاتر گوتی "تۆمارکردنی 8 گۆڵ لە دوو یارییدا بڕواپێنەکراوە، من 11 ساڵ لە بارسێلۆنا یاریمکرد 11 گۆڵم تۆمارکرد."
گۆڕانکاریکردن بە ئێرلینگ هالاند لە یاریی رابردووی مانچێستەر سیتی بەرامبەر لایپزیگ لە چامپیۆنزلیگدا کە 5 گۆڵی تۆمارکرد، گواردیۆلای رووبەڕووی رەخنەی زۆر کردەوە و زۆربوون ئەوانەی پێیانوابوو کە گواردیۆلا بۆیە ئەو کارەیکردووە بۆ ئەوەی هالاند ریکۆردی مێسی نەشکێنێت کە لە 2012 لە یەک یاریی چامپیۆنزلیگدا 5 گۆڵی لە بایرلیڤەرکوزن کرد.
ئێرلینگ هالاند لەم وەرزەدا بە ئاستێکی ناوازەدا تێدەپەڕێت، لە دوایین 2 یارییدا 8 گۆڵی تۆمارکردووە، لەم وەرزەدا 6 هاتریکی تۆمارکردووە و لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا 42 گۆڵی بۆ مانچێستەر سیتی تۆمارکردووە.