کەین هۆشداری دەداتە ریال مەدرید
رووداو دیجیتاڵ
هاری کەین، هێرشبەر و گۆڵکاری یانەی بایرن میونشن دوای بردنەوەیان لە ئاتالانتا و گەیشتنیان بە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ، هۆشداری دەداتە یانەی ریال مەدرید.
لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ، بایرن میونشن بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە ئاتالانتای بردەوە و بە ئەنجامی هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوە بە 10-2 سەرکەوتنی بەدەستهێنا و گەیشتنە قۆناخی هەشت، لە قۆناخی داهاتوودا باڤارییەکان لە یارییەکی لووتکەدا بەرامبەر ریال مەدرید یاریی دەکەن.
هاری کەین، هێرشبەری بایرن میونشن دوای یارییەکە گوتی "بردنەوەی یارییەکە ئەو شتەبوو کە زیاتر لە هەموو شتێک دڵخۆشی کردم، هەندێکجار پاراستنی جۆش و خرۆش لە یارییەکانی وەکو ئەمەدا قورسە، بەڵام توانیمان هاوسەنگییەکی گونجاو بەدەستبهێنین."
گۆڵکارە ئینگلیزییەکە زیاتر قسەیکردووە و دەڵێت "چەند ساڵێک لەمەوبەر تەنیا یەکجار بوومەتە گۆڵپارێز، من بۆ ئەو شوێنە گونجاو نیم، تەنیا ئەزموونێکی یەکجاری بوو کاتێک هۆگۆ لۆریس، ناچاربوو بچێتە دەرەوە، دوای ئەوەی گۆڕانکارییەکانمان تەواو بوون من بوومە گۆڵپارێز.' ئەم قسانەی کەین لەبارەی ئەوەوە بوو کە بایرن چوار گۆڵپارێزی بەهۆی پێکانەوە نەیانتوانی یاری بکەن.
هاری ستایشت یۆناس ئۆربیگ گۆڵپارێزی یانەکەیان دەکات و دەڵێت " ئەو زۆر نایاب بوو، ئەمەش شتێکی باشە."
لەبارەی یاریی لووتکە لە قۆناخی داهاتوودا بەرامبەر ریال مەدرید، هاری کەین گوتی "ریال مەدرید هەمیشە رکابەرێکی مەترسیدارە، بەڵام ئێمە لە کەس ناترسین، ئەم یارییانە بۆ هەمووان سەرنجڕاکێش دەبن و بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێیان دەکەم."
رۆژی 7ـی مانگی داهاتوو یاریی چوونی نێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و بایرن میونشن لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوەدەچێت، دوای ئەوە لە رۆژی 15ـی هەمان مانگ یاریی گەڕانەوە لە ئالیانز ئارێنا دەکرێت.