یانەی دهۆک بە راگەیێنراوێک وەڵامی یانەی هەولێر دەداتەوە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی دهۆک راگەیێنراوێکی لە دوای دۆڕاندنی لە یاریی کلاسیکۆدا بەرامبەر یانەی هەولێر بڵاوکردەوە و وا دیارە خزمەت و ماندووبوونەکەمان بەهەدەرچوو.
دهۆک لە راگەیێنراوەکەیدا دەڵێت "سەرکەوتنتان پیرۆزبێت، بەڵام بەداخەوە راگەیێنراوەکەتان دوور بوو لە راستی و پڕبوو لە لە خۆبایی بوون، بەداخەوە ئەو رێزگرتنەی یانەی دهۆک لە یانەی هەولێری ناوە نایەتە پێش چاوتان، با هەمووان باش بزانن یانەی دهۆک یاریگەی سەرەکی خۆی بۆ راهێنان ناداتە هیچ یانەیەکی عێراق، بەڵام بۆ یانەی هەولێر کراوە بووە، لە سەرەتای خولیشەوە یانەی هەولێر یارییەکانی لە یاریگەی ئێمە ئەنجامداوە، بەڵام وا دیارە باشییەکانمان بەهەدەرچوون.
یانەی دهۆک نووسیوویەتی "دوێنێ کارگێڕیی یانەی دهۆک هیچ کەمتەرخەمییەکی بەرامبەر یانەی هەولێر نەکردووە و هەموو هێزەکانی ئاسایشپارێزیی پارێزگای دهۆکیش تاوەکو چوونە دەرەوەی شاندی یانەی هەولێر لەگەڵ یانەکە بوون و هیچ یەکێک لەو شتانە روویاننەداوە کە لە راگەیێنراوەکەی یانەی هەولێردا هاتووە. ئاساییە کاتێک لە یارییەکی لەوشێوەیەدا هەندێک رووداو رووبدەن، بەڵام هەر زوو لەلایەن هێزە ئاسایشپارێزەکانەوە کۆنتڕۆڵ کراوە و ئەو کەسانەی هەڵەیان کردووە دەستەسەرکراون. راستە شەڕ دروستبووە، بەڵام ئەوانەی شەڕیان کردووە لە پەنجەی دەست زیاتر نین، ئێمە ئەم کارە ناشرینانە چ لە دهۆک بن یان هەولێر شەرمەزار دەکەین و لە دژی دەوەستینەوە و رووبەڕووی یاسایان دەکەینەوە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەیدا یانەی دهۆک دەڵێت "بە داخێکی زۆرەوە راگەیێنراوی لەمشێوەیە دەبنە ئەگەری تێکدانی پەیوەندی نێوان دوو شاری نزیک لە یەک و ئەوەی سەیرە تووندڕەو بووە، هەر شەوی رابردوو سەرۆکی یانەی دهۆک پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ پارێزگاری هەولێر ئەنجامداوە و پیرۆزبایی لێکراوە، پارێزگاری دهۆکیش خولەک بە خولەک لەسەر هێڵ بووە و لە کاتی گەیشتنی شاندی یانەی هەولێر بەخێرهاتنی کردووە و پرسیاری دۆخی یاریزانان و راهێنەرانی کردووە.
یانەی دهۆک نووسیوویەتی "لەبیری نەکەین ئەمە سێ ساڵە هاندەرانی ئێمە دەچنە هەولێر و هەر ئەم ئاڵۆزیانە روویانداوە، هیچ کاتێک ئێمە راگەیێنراوی لەمشێوەیە تووندەمان بڵاونەکردووەتەوە و نەمانویستووە رووی جوانی هەرێمی کوردستان بە ناشرینی پێشانبدەین، ئەمە چەندین رۆژە پەیجەکانی تیکتۆک و ئەکاونتە شاراوەکان لە هەردوولاوە هەوڵدەدەن رک و کینە بڵاوبکەنەوە و تاوەکو رادەیەکیش توانیان ئەمە بکەن، دەبووایە هێزەکانی ئاسایشپارێزی ئەو کەسانەیان دەستگیرکردبا، بۆ ئەوەی دۆخەکە خراپتر نەبووایە."
دهۆک لە وەڵامی راگەیێنراوی یانەی هەولێردا دەڵێت "شتێکی دیکە لە راگەیێنراوی یانەی هەولێردا هاتووە کە هاندەری هەولێر برینداربوون، بەڵام ئێمە کەسمان نەبینیووە و کەسیش نەچووەتە نەخۆشخانە، بەڵام ئەوەی نامۆ بوو ئەوەبوو دوای ئەوەی یارییەکە کۆتاییهات بە یەک کاژێر یاریزان و کارگێڕیی ئێوە بە گێڕانی ئاهەنگ لەنێو یاریگەدا دەیانویست شتی خراپ دروستببێت و هاندەرانمان بجوڵێنن، کاتێک بەرامبەر یانەکانی دیکە بردنەوەتان تۆمارکردووە ئەوەتان نەکردووە، ئەمە ناڕەزایەتیی هاندەرانمانی لێکەوتەوە و کارگێریی ئێمە ئێوەی پاراستووە."
لە کۆتایی راگەیێنراوەکەیدا یانەی دهۆک نووسیوویەتی "هێزەکانی ئاسایشپارێزی دهۆک زیاتر لە 2000 کورسی بە بەتاڵی هێشتووەتەوە و هاندەرانی دهۆک بەپێوە وەستاون بۆ ئەوەی هاندەرانی ئێوە پارێزراو بن، لە کۆتاییدا دوور لە شێوازی راگەیێنراوی ئێوەی رەق و بێ وەفا داوا لە هاندەرانی هەردوو یانە دەکەین لەسەرخۆ بن و ئەم کێشانە گەورەتر نەکەن و قسەی ناشرین بەیەکدی نەڵێن و هەستەکانی یەکدی بریندار نەکەن، یاسا سەروەرە و ئامادەین بۆ هەر رێککارێک."
ئەم راگەیێنراوەی یانەی دهۆک لە کاتێکدایە، شەوی رابردوو یانەی هەولێر راگەیێنراوێکی لە دوای رووداوەکانی یارییەکە بڵاوکردەوە و ئەمە دەقی راگەیێنراوەکەیە.
دەستەی کارگێری یانەی هەولێر و هاندەرە دڵسۆزەکانی ئیدانەی توندی خۆیان بۆ ئەو هێرشە ناڕەوا و ترسنۆکانە دەردەبڕن کە لە یاریگای دهۆک لەلایەن هاندەرانی یانەی دهۆکەوە دژی تیپی یانەکە و هاندەرانمان ئەنجامدرا. ئەم رەفتارە سەرزەنشتکراوە پێچەوانەی بەها و ئەخلاقی وەرزشە.
ئەم هەڵسوکەوتە دوور لە گیانی وەرزشییە بەرامبەر هاندەرانی یانەکەمان کە هاتبوون بۆ پاڵپشتی تیپەکەیان سەرەرای بەڵێنی پارێزگاری دهۆک بۆ پاراستنی گیانی هاندەران و سەلامەتی تیپەکە، بەڵام بە داخەوە پێچەوانەکەی روویدا لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر لە هاندەرانی دڵسۆزی یانەکەمان بە سەختی بریندار بوون دوای ئەوەی لەلایەن هاندەرانی یانەی دهۆکەوە گەمارۆدرابوون و هێرشی ترسنۆکانەیان کرایە سەر جگە لەوەش پاسی یانەکە و پاسەکانی گواستنەوەی هاندەرانی یانەکەمان زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
ئەم رووداوە بە ئازارە ناوبانگی تۆپی پێی کوردستان و عێراق لەکەدار دەکات و مەترسی لەسەر سەلامەتی یاریزانان و ستافی تەکنیکی و کارگێڕی و هاندەرانیش دروست دەکات. لە کاتێکدا دەستەی کارگێری یانەکەمان دەستەی کارگێری یانەی دهۆک بە تەواوی بەبەرپرسیار دەزانێت لەوەی کە روویدا.
داوا دەکەین لیژنەی رێککاری لە یەکێتی تۆپی پێی عێراق توندترین سزای یاسایی و رێگریکردن بەسەر هەموو ئەو کەسانەدا بسەپێنێت کە بەرپرسیارن لەو رووداوانەی ئەم شەو روویاندا ئەمەش زۆر گرنگە بۆ ئەوەی ئەم جۆرە ڕووداوانە کە وێنەی پێشبڕکێکانی تۆپی پێ دەشێوێنن و بەها پەروەردەیی و وەرزشییەکانیان تێکدەدەن دووبارە نەبنەوە.
هەروەها دەستەی کارگێری یانەکەمان مافی یاسایی خۆی بە بەڵگەی ڤیدیۆیی تۆماردەکات بۆ دادگاییکردنی سەرجەم ئەو کەسانەی تێوەگلاون لەم کردەوە رسواکارانەدا.