بارسێلۆنا ئەمساڵ چەند پارەى لە چامپیۆنزلیگ دەستکەوتووە؟

رووداو دیجیتاڵ

سەرکەوتنی بارسێلۆنا بۆ قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ تەنیا دەستکەوتێکی وەرزشی نەبوو، بەڵکو لە لایەنە ئابوورییەکەی پاڵەوانێتییەکەیە کە بڕە پارەیەکی خەیاڵی بۆ خەزێنەی یانەکە دابین کردووە و بەشێکی زۆری کێشە داراییەکانی پێ چارەسەر دەکرێت.
 
یانەی بارسێلۆنا گەیشتە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ، دوای ئەوەی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـدا بەئەنجامی 7-2 لە یانەی نیوکاسڵ یونایتدی بردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە یاریی چووندا بەئەنجامی 1-1 یەکسان بووبوون.
 
تیپەکەی هانزی فلیکی راهێنەری ئەڵمانی، لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەبێتەوە، ئەمەش وەک یارییەکی تۆڵەسەندنەوە دادەنرێت دوای ئەوەی بارسێلۆنا لە قۆناخی نیوەی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا لەسەر دەستی ئەو یانەیە کرابووە دەرەوە.
 
ئەم پاڵەوانێتییە کیشوەرییە تەنیا هەلێک نییە بۆ کێبڕکێکردن لەسەر نازناوەکە، بەڵکو سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتیشە، لەکاتێکدا بارسێلۆنا هەوڵدەدات قەیرانە داراییەکانی کەم بکاتەوە.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی سپۆرت، بارسێلۆنا نزیکەی 64 ملیۆن یۆرۆی لە بەشداریکردنی ئێستای لە چامپیۆنزلیگدا دەستکەوتووە، پێشبینیش دەکرێت دوای سەرکەوتنی بۆ قۆناخی هەشت ئەم ژمارەیە زیاد بکات.
 
یانەکە بڕی 18.62 ملیۆن یۆرۆی وەک پاداشتی بەشداریکردن لە قۆناخی خول وەرگرتووە، جگە لە 11.64 ملیۆن یۆرۆ بۆ سەرکەوتنی بۆ قۆناخی 16.
 
هەروەها 10.5 ملیۆن یۆرۆی لە ئەنجامی بەدەستهێنانی پێنج سەرکەوتن کۆکردووەتەوە، لەگەڵ 0.7 ملیۆن یۆرۆ بۆ یەکسانبوونێک.
 
بارسێلۆنا بڕی 12.5 ملیۆن یۆرۆی دیکەش وەردەگرێت لەبەرامبەر گەیشتنی بە قۆناخی هەشت.
 
جگە لەو ژمارانە، یانەکە سوودمەند دەبێت لە داهاتی مافی پەخشی تەلەڤزیۆنی و داهاتی بلیتی یارییەکان، ئەمەش لەوانەیە کۆی قازانجەکانی لە پاڵەوانێتییەکەدا لەم وەرزەدا زۆر زیاتر بکات.