چیرۆکی من.. ئەدریانۆ؛ لە ناوبانگ و پیشەگەرییەوە بۆ ژیان لەگەڵ مافیاکان

رووداو دیجیتال

ئەدریانۆ لیتی ریبێرۆ، ئەو ئەستێرە بەرازیلییەی چەندین نازناوی لێنراوە، بەڵام لەوانەیە گونجاوترینیان "بەهرەی لەدەستچوو" بێت، بەهۆی ئەو بارودۆخەی پێیدا رۆیشتووە.

ئەستێرەی پێشووی ئینتەرمیلان و فلامینگۆ لەلایەن هەندێکانەوە بە جێگرەوەی رۆناڵدۆی دیاردەی بەرازیل لە یاریگەکاندا دادەنرا، بەڵام مردنی باوکی بووە هۆی ئەوەی ئاڵوودەبێت بە خواردنەوەی مەی و ژیان لەگەڵ چەتەکاندا بژیت لەبری ئەوەی لە یاریگەکانی تۆپی پێ دا بدرەوشێتەوە.

لەم راپۆرتەدا دیارترین وێستگەکانی ژیانی ئەستێرەی بەرازیلی دەخەینەڕوو، کە لەوانەیە زۆر کەس نەیزانن و مشتومڕی لەسەر ژیانی لە ناوەوە و دەرەوەی یاریگەکاندا دروستکردووە.

هاواری مردنی باوکی

هەموو شتێک بە مردنی باوکی دەستیپێکرد، ژیانی ئەستێرەی بەرازیلی دەستی بە داڕووخان کرد کاتێک ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی پێگەیشت کە پێیگوت "باوکت مردووە"، بێگومان دوای ئەوە ماوەیەکی زۆری بەدەست ئازار چەشتنەوە بەسەربرد.

خاڤێر زانێتی، کاپتن و هاوپیشەکەی ئەدریانۆ لە ئینتەرمیلان، باس لەوە دەکات کە چۆن مردنی باوکی ئەدریانۆ خاڵێکی سەرەکی و یەکلاکەرەوە بوو لە پیشەکەیدا و دەڵێت "لە بەرازیلەوە تەلەفۆنێکی بۆ هات و باسی مردنی باوکی بۆ کرد، تەلەفۆنەکەی فڕێدا و دەستیکرد بە هاوارکردن، کە ناتوانی بیر لەو هاوارکردنەی بکەیتەوە". 

زانێتی هەروەها دەڵێت "لەو رۆژەوە ئەو وەک برا بچووکێک لەژێر سێبەری من و مۆراتیدا مایەوە، یاری دەکرد، گۆڵی تۆماردەکرد و ئاماژەی بۆ ئاسمان دەکرد، بەڵام پاش ئەو تەلەفۆنە ژیانی و هەموو شتێکی گۆڕا".

کێشەی خواردنەوە

ئەدریانۆ پاش مردنی باوکی بۆ ئاسانکردنی ئازارەکانی پەنای بۆ کحول برد، ئەو لەو بارەیەوە دەڵێت "کەس هەستی بە ئازارەکانم نەدەکرد، من تەنیا لە ئیتالیا بووم، تەنیا خواردنەوە وایلێدەکردم هەست بە خۆشی بکەم، شەراب، ڤۆدکا و بیرە، هەر شتێکم دەست کەوتبووایە دەمخواردەوە" .

ئەستێرەی سامبا، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی "کێشەی من لەگەڵ خواردنەوە بووە هۆی ئەوەی ریزەکانی ئینتەرمیلان جێبهێڵم، دەچوومە راهێنانەکان،هیچ دوانەدەکەوتم، بەڵام هەمیشە سەرخۆش بووم، نەدەخەوتم بۆ ئەوەی بتوانم بەیانیان لە بنکەی راهێنانەکان دەرکەوم، کارمەندانی پزیشکی منیان دەبرد بۆ ئەوەی لە کۆگاکەدا بخەوم، بە راگەیاندنکارانیان دەگوت، ئەدریانۆ تووشی پێکانی ماسوولکەکان بووە".

دواتر زانیم کە کێشەکەم خەڵکی دەوروبەرمە، گەڕانەوە بۆ بەرازیل جارێکی دیکە دڵخۆشی  پێدام".

مانچێستەر سیتی رەتیکردەوە

ساڵی 2007 ماسیمۆ مۆراتی لە پشوویەکدا مۆڵەتی بە ئەدریانۆ دا و رەوانەی بەرازیلی کردەوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ئەوەی لە کێشەکانی لە ئیتالیا دووری بخاتەوە، لەو کاتەدا مانچێستەر سیتی ئارەزووی نیشاندا بۆ ئەوەی بیباتە ریزەکانی، بەڵام تاکسین شیناواترای خاوەنی یانەکە بەدواداچوونێکی کرد و رایگەیاند "ئەدریانۆ یاریزانێکی گەورەیە، بەڵام بە مردنی باوکی ئاستی لەدەستداوە و کێشی زیادی کردووە و قەڵەو بووە".

ئیبراهیمۆڤیچ ئەو بە باشترین دەبینێت

زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ، ئەستێرەی سوێدی، کە لەگەڵ ئەدریانۆدا پێکەوە یارییان بۆ ئینتەرمیلان کردووە، سەبارەت بە یارییکردنی لەگەڵ ئەدریانۆ دەڵێت "من لەگەڵ چەندین ئەستێرە و پاڵەوان یاریم کردووە، هەندێکیان، چیبڵێم، واو، بەڵام یاریزانێک هەبوو هەستم دەکرد ئەو دەیتوانی زیاتر بەردەوام بوێت، ئەویش ئەدریانۆیە، لە هەر گۆشەیەک لێدانی ئاراستەی گۆڵ دەکرد، کەس نەیدەتوانی رێگری لێبکات، یان تۆپەکەی لێبستێنێت، ئەو ئاژەڵ بوو".

یەکەم گۆلی دژی ریال مەدرید

هاندەرانی ئینتەرمیلان زۆرباش یەکەم دەرکەوتنی ئەدریانۆیان لەگەڵ نیرازۆری لە ساڵی 2001 لەبیرە، کە لە یارییەکی دۆستانەدا بوو بەرامبەر ریال مەدرید، کە ئەدریانۆ گۆڵی بردنەوەی بە لێدانێکی راستەوخۆی مووشەکئاسا تۆمارکرد، لێدانێک کە یاریزانەکە دەڵێت خێراییەکەی 105 میل بوو لە کاژێرێکدا!.

ئێستا لە سایەی مافیاکاندا دەژیت

ئەدریانۆ لە گەڕەکی بەناوبانگی "لا فاڤێلا" لە شاری ریۆ دی جانیرۆی بەرازیل گەورە بووە، کە گەڕەکێکی هەژارنشینە و چەتەکان تێیدا باڵادەستن، هەرچەندە هەمیشە دوای ئەستێرەبوونی سەردانی دەکرد و ژەم و دیاری بەسەر منداڵاندا دابەش دەکرد، بەڵام ئێستا گەڕانەوەکەی دڵخۆشکەر نییە.

بەپێی سەرچاوەکان لە بەرازیل، ئەدریانۆ ئێستا لەژێر پاراستن و سێبەری گرووپی مافیایی فەرمانە سوورەکاندا دەژیت، کە بە تووندوتیژی و کوشتن و فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکان ناسراون، هەروەها وێنە بەناوبانگەکەیشی لەگەڵ چەک، هی ئەوکاتەیە کە لە زێدی خۆی بووە لەژێر پاراستنی ئەو گرووپەدا.

هاوکاریکردنی بازرگانانی ماددە هۆشبەر

داواکاری گشتی بەرازیل، لە ساڵی 2014 داوایەکی یاسایی لەسەر ئەدریانۆ بەرزکردەوە و بەوە تۆمەتباری کرد کە کە پارە دەداتە ئەو چەتانەی لە سایەیاندا دەژیت، ئەویش لەسەر کڕینی ماتۆڕسیکلێک و تۆمارکردنی بەناوی دایکی یەکێک لە ئەندامانی مافیاکانەوە، کە دواتر لە رێگەی ئەو ماتۆڕسیکلەوە چەند تاوانێک ئەنجامدران.

ئەدریانۆ لە کۆتاییدا بێتاوان دەرچوو، بەڵام سەفەرکردنی لەسەر قەدەخەکرا و لەژێر چاودێریدا دانرا، بەڵام دواتر جارێکی دیکە گومانی لێکرا و بەوە تۆمەتبارکرایەوە کە پارە بۆ بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان دەگوازێتەوە، بەڵام ئەو یاریزانە رایگەیاند ئەو بڕە پارەیەی بۆ کڕینی ژەمەخوراکی هەژاران و بێدەران دابینکردووە!.

مشتومڕ لەسەر پەیوەندی ئەدریانۆ لەگەڵ ئەندامانی گرووپە مافیاییەکان زیادیکرد دوای ئەوەی لە چەندین وێنەدا لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەی کە سەر بە "فەرمانی سوور" بوون دەرکەوت و بەدەستی خۆی ئاماژەکەی ئەوانی نیشاندا.

تەقە لە کچێک دەکات.. بەڵام

ساڵی 2011 کچێکی بەرازیلی بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ئەدریانۆ بەڕێککەوت تەقەی لە ئۆتۆمبێلەکەی کردووە و فیشەکێک بەر دەستی کەوتووە، بەڵام دواتر کچەکە لە لێدوانەکەی خۆی پاشگەزبووەوە و دانی بەوەدا نا کە بە ئەنقەست تەقەی لە خۆی کردووە بۆ ئەوەی سەرنجەکان بەلای خۆیدا رابکێشێت، دوای ئەوەی لەلایەن شایەتحاڵانەوە نکۆڵی لێکرا!.

شەوێک لەگەڵ 18 کچ!

بەپێی رۆژنامەی ئیکسترای بەرازیلی تایبەت بە سکانداڵەکانی بەرازیل، لە ساڵی 2016دا هۆتێلێکی بچووک دەرگای خۆی بەتایبەت بۆ ئەستێرەی بەرازیلی داخست و رێگەی نەدا شەوێک بێجگە لە ئەدریانۆ و میوانەکانی کەسی دیکە لە هۆتێلەکەدا بمێنێتەوە.

رۆژنامەکە گوتیشی "ئەدریانۆ بۆ شەوێک 18 هەزار یۆرۆی دا و لەگەڵ 18 کچی جیاواز لە هۆتێلەکەدا مایەوە".

دەنگۆی مردنی

نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە ئەدریانۆ بەهۆی کێشەی تەندروستییەوە گیانی لەدەستداوە، سەرچاوەکەش کەسێکی نزیکبوو لەو، بەڵام ئەو یاریزانە خۆی لە پەیجەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەرکەوت و دووپاتیکردەوە کە لە ژیاندا ماوە و لە باشترین دۆخی تەندروستیدایە.

هەرانانەوە لە سەردەمی کۆرۆنادا

لە کاتێکدا کە ملیۆنەها بەرازیلی بەدەست ئازار و مەینەتی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەیانناڵاند، ئەدریانۆ لە کانوونی یەکەمی رابردوودا لە یانەیەکی شەوانەدا لەگەڵ گۆرانیبێژێک دەستگیرکرا بەهۆی شکاندنی کەرەنتینە و پێشێلکردنی یاساکانی دووری کۆمەڵایەتی و نەبەستنی دەمامک.