پەیامی رۆناڵدۆ و جۆرجینا بە بۆنەی لەدەستدانی کوڕەکەیان

رووداو دیجیتاڵ

 

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالیی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، هەواڵی لەدەستدانی کوڕێکی لە کاتی لەدایکبووندا راگەیاند و لە پەیامێکدا داواکارییەکی لە هاندەران و میدیاکان کرد.
 
رۆناڵدۆ کە چاوەڕێ بوو دووانەیەکی لە جۆرجینا ببێت، کە یەکێکیان کوڕ بوو، یەکێکیشیان کچ، کوڕەکەی لەدەستدا و کچەکە دەژیت.
 
رۆناڵدۆ بەو بۆنە خەمناکەوە، بەیاننامەیەکی بە واژۆی خۆی جۆرجینا رۆدریگز بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە "بە خەمێکی زۆرەوە هەواڵی مردنی کوڕە ساواکەمان رادەگەینین، بەڵام لەدایکبوونی کچەکەمان هێزی ئەوەمان پێدەبەخشیت بۆ ئەوەی ئەو ساتانە بە هەندێک لە هیوا و دڵخۆشی بەسەرببەین".
 
لەو بەیاننامەیەدا هەروەها هاتووە "دەمانەوێت سوپاسی هەموو ئەو پزیشک و پەرستارانە بکەین کە چاودێری پرۆسەی لەدایکبوونەکەیان دەکرد و پاڵپشتییان کردین".
 
رۆناڵدۆ و جۆرجینا لەو پەیامەیاندا نووسیویانە "ئێمە رووخاوین بەهۆی ئەو لەدەستدانە، داوا لە هەموو لایەک دەکەین کە تایبەتمەندییەکانمان لەم ساتە سەختانەدا بپارێزن".
 
هەروەها نووسیویانە "کوڕە ساواکەمان، تۆ فریشتەمانی، هەمیشە خۆشمان دەوێیت".
 
پەیامی ریال مەدرید
 
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، هەر زوو پەیامێکی سەرەخۆشی بۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پێشووی و و جۆرجینا نارد، کە تێیدا هاتبوو "یانەکەمان و سەرۆکەکەی و ئەنجوومەنی کارگێڕی، خەم و پەژارەی خۆیان رادەگەینن بە بۆنەی لەدەستدانی منداڵەکەتان. هاوبەشی خەم و ئازاری خۆت و جۆرجینا و هەموو خانەوادەکەتانین".

 

پەیامی یوڤێنتوس
 
یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵیش، کە رۆناڵدۆ بەر لەوەی بچێتە ریزەکانی یانەی مانچێستەر یونایتد 3 ساڵ یاری بۆ کرد، پەیامێکی سەرەخۆشی بۆ خۆی و جۆرجینا ناردووە، کە تێیدا هاتووە "هاوبەشی خەمتانین و پشتیوانی ئێوەین لەم ساتە سەختانەدا، نزاکانمان بۆ ئێوەیە".