رووداو دیجیتاڵ
شۆخان نورەدینی خانمە هێرشبەری کوردی یانەی هیلالی سعودی، پێشەوایەتی یانەکەی کرد بۆ سەرکەوتن بەسەر خانمانی نەسڕ 3 - 2 گۆڵ و بەوەش زنجیرەی سەرکەوتنە لەسەریەکەکانی نەسڕ کۆتاییان هات.
لە گەڕی 17ی خولەکی ئافرەتانی سعودیە، هیلال میوانداریی نەسڕی کرد و شۆخان نورەدینی هێرشبەری کورد، بەتۆمارکردنی گۆڵێک و ئەسیستێک، پێشەوایەتیی هیلالی کرد بۆ بردنەوەی یارییەکە.
ئەگەرچی نەسڕ لە سەرەتادا بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ پێشکەوت، بەڵام هیلال بە گۆڵەکانی جێسیکا مارتینێز و شۆخان نوورەدین وەڵامی دایەوە و ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە. شۆخان لە دوا خولەکەکانی یارییەکەدا، ئاسیستێکی کرد و هیلال بە 3 - 2 گۆڵ یارییەکەی بردەوە.
ئەم بردنەوەیە کۆتاییهێنا بەزنجیرە بردنەوەکانی نەسڕ لە خولەکەدا و پێگەی هیلالی لە ریزبەندییەکەدا بەهێزتر کرد کە ئێستا یانەی هیلال پلەی پێنجەمی خولەکەی گرتووە بە کۆکردنەیوەی 28 خاڵ.
شۆخان، کە لە بیستەکانی تەمەنیدایە، سەرەتای کاروانی وەرزشی بە تۆپی دەست و دواتر تۆپی پێ دەستپێکردووە. ساڵی 2017 بە شێوەیەکی پیشەگەرییانە لەگەڵ یانەی هەولێر دەستی بە یاریکردن کردووە و لەگەڵ هەمان یانەش نازناوی خولی فوتساڵی خانمانی کوردستانی بەدەستهێناوە. دواتر ڕووی لە یانەی خانمانی گازی باکوور کردووە و بەشداری خولی نایابی فوتساڵی عێراقی کردووە، لەوێش گۆڵکەری خولەکە بووە.
ئەوە تەنیا سەرەتایەک بوو بۆ دەستکەوتەکانی شۆخان، چونکە لە ساڵی 2019 لەگەڵ یانەی هەولێر لە پاڵەوانێتی یانەکانی کەنداو بۆ تۆپی دەست بەشداری کرد و توانی نازناوی گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکە بەدەستبهێنێت، ئەمەش وایکرد ببێتە یەکەم کچە یاریزان کە نازناوی گۆڵکاری دوو پاڵەوانێتی جیاواز بەدەستبهێنێت.
شۆخان لە ساڵی 2021 لە یانەی زەورا بەردەوام بوو لە یاریکردن و دواتر لە ساڵی 2022 لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵەوانێتی ڕۆژئاوای ئاسیا بەشداری کرد و توانییان نازناوەکە بەدەستبهێنن، شۆخان توانی بە تۆمارکردنی 7 گۆڵ پێشەنگی گۆڵکارانی پاڵەوانێتییەکە بگرێت.
لە دوای ئەو سەرکەوتنە، شۆخان گرێبەستێکی لەگەڵ یانەی هیلالی سعودی واژۆ کرد و لەوێش وەکو گۆڵکارێکی کارا دەرکەوتووە، بەجۆرێک خاوەنی یەکەم سوپەر هاتریکە لە مێژووی یانەی خانمانی هیلال. ئێستاش لەگەڵ تیپەکە بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ