قوماری یاریزانان، ئیتاڵیای هەژاندووە


رووداو دیجیتاڵ

ئاندریا ئابۆدی، وەزیری وەرزشی ئیتاڵیا، مشتومڕێکی نوێی لە ئیتاڵیا نایەوە، کاتێک داوایکرد یاریزانانی تێوەگلاو لە قومار، لە پۆشینی درێسی هەڵبژاردەی وڵاتەکە بێبەش بکرێن.
 
لێدوانەکانی وەزیرە ئیتاڵییەکە پاش سەرهەڵدانەوەی دۆسێیەکی دیکەی تێوەگلانی یاریزانان لە قومارکردن دێت. سەرچاوەکان دەڵێن 12 یاریزانی خولی ئیتاڵی لە نوێترین سکانداڵی تێوەگلان لە قومارکردن لەسەر ئەنجامی یارییەکان، گلاون.
 
پێشتر هەریەکە لە نیکۆلۆ فاجیۆلی یاریزانی یانەی فیۆرێنتینا و ساندرۆ تۆنالی، یاریزانی نیوکاسڵی ئینگلیزی، بەراگرتن بۆ ماوەیەک سزدران، پاشئەوەی لەسەریان ساخبووەوە کە قوماریان لەسەر ئەنجامی یارییەکان کردووە، لە کاتێکدا نەسەلمێنرا ئەوان قوماریان لەسەر ئەنجامی یارییەکانی یانەکانی خۆیان کردبێت.
 
دوای تەواوبوونی ماوەی راگرتنەکەیان، هەردوو یاریزانە گەڕانەوە بۆ یاریکردن و لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیتاڵیاش بەشدارییان لە یارییەکاندا کرد، بەڵام ئەو بڕیارە بەدڵی وەزیری وەرزشی وڵاتەکە نییە.
 
ئابۆدی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "درێسی ئازۆری دەبێ لەلایەن باشترینەکانەوە لەبەربکرێت، نەک تەنیا بەئاستی باش لە نێو یاریگە، بەڵکو لە هەڵسوکەوتیش، بابەتەکە تەنیا پەیوەست نییە بەسزادانی کەسێک، بەڵکو بریتییە لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی. ناتوانین رێگەبدەین بەنموونەی خراپ و مەترسیدار گەشە بکات، فیدراسیۆنی تۆپی پێ سەربەخۆ کاردەکات، بەڵام ئەمە هەڵوێستی منە لە بابەتەکەدا".
 
لێدوانەکانی وەزیرە ئیتاڵییەکە شەپۆلێکی گەورەی کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، دیارترینیان لەلایەن ئۆمبێرتۆ کالکانیۆی سەرۆکی دەستەی یاریزانانی ئیتاڵیاوە بوو.
 
کالکانیۆ گوتی، "دەستووری ئیتاڵیا ئاماژەی بەوەداوە کە سزادان هۆکارێکە بۆ راستکردنەوە. ئەو یاریزانانەی سزادراون دەبێ بەشێک بن لە جیهانی ئێستامان، نابێ لەبیرمان بچێت کە پاولۆ رۆسی دوای راگرتن و سزادانی، گەڕایەوە هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و بەشداری لە مۆندیالی 1982 کرد و سەرکەوتوو بوو، گەڕانەوەی بەهایەکی گەورەی وەرزشی و مرۆیی هەبوو".
 
لە ئینگلتەرا مامەڵەیەکی سۆزاویتر لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەکرێت کە خوپێوەگرتووی قومارن، بەڵام هەندێک دەنگ لە ئیتاڵیا داوای سزای تووندتر بەرامبەر یاریزانانی تێوەگلاو لەو کارە دەکەن.
 
پاولۆ گاری، پزیشکی سەرپەرشتیاری چارەسەرکردنی فاجیۆلی، بەهەمان شێوە قسەی لەسەر دۆسێیەکە کرد و گوتی، "سکانداڵە کاتێک وەزیری وەرزش داوای سزادانی یاریزانان بەئاشکرا دەکات بەهۆی قومارەوە، لە کاتێکدا رێکلام بۆ لابردنی گەمارۆی سەر رێکلامکردن بۆ قومار لە یاریگەکاندا دەکات و دەڵێ ئاساییە کۆمپانیاکانی قومار، لۆگۆیان لەسەر درێسی یانەکان هەبێت".
 
هەروەها دەڵێ، "رێکلامی قومار لە بەشە جیاوازەکانی یاریگەکاندا هەن، ئێستاش دەیانەوێت یاریزانان ئەو درێسانە بپۆشن کە رێکلامی قوماری پێوەیە، ئەمە دووڕووییەکی روونە، ئاماژەیە بەدووڕوویی باو لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو جۆرە رووداوانە".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، یاریزانی تۆپی پێ ئەگەر قومار لەسەر تۆپی پێ بکات بەراگرتن سزادەدرێ، بەڵام ئەگەر هەموو پارەکەی خۆی لە قومارکردن لەسەر یاریی وەک باسکە یان تێنس دابنێت، هیچ کێشە نییە و سزانادرێ، ئەمە دژیەکییەکی مەترسیدارە.
 
بەپێی یاساکانی قومارکردن، یاریزانانی تۆپی پێ و کەسە نزیکەکانیان نابێ بەهیچ شێوەیەک قومار لەسەر ئەنجامی یارییەکانی تۆپی پێ بکەن.