3 هۆکار گەڕانەوەی زیدان بۆ ریال مەدرید مسۆگەر دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
ناوی زینەدین زیدان جارێکی دیکە دەبەسترێتەوە بەگەڕانەوە بۆ سەرکردایەتیکردنی یانەی ریال مەدرید، ئەمەش لەکاتێکدایە کە گوشارەکان لەسەر کارلۆ ئەنچێلۆتی زیاتر دەبن، دوای ئەوەی یانەکە بەئەنجامێکی شۆکهێنەر لەلایەن یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزییەوە لە چامپیۆنزلیگ دەرکرا.
ئارسیناڵ لە یاریی گەڕانەوەی چارەکی کۆتاییدا لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەئەنجامی 2-1 لە ریال مەدریدی بردەوە و بەکۆی گشتی هەردوو یاری 5-1 سەرکەوتنی بۆ قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ مسۆگەر کرد.
ئەم کرانەدەرەوە لە چامپیۆنزلیگ و شکستی تیپەکە لە لالیگا بەرامبەر بارسێلۆنا، وایکردووە یانەکە بیر لە دەرکردنی کارلۆ ئەنچێلۆتی لە پۆستی راهێنەری ریال مەدرید بکاتەوە و پەلە بکات لە دەستنیشانکردنی زینەدین زیدان بۆ راهێنەری تیپەکە.
زیدان لەدوای جێهێشتنی یانەی ریال مەدرید لەساڵی 2021 راهێنەرایەتی نەکردووە، تاوەکو ئێستاش درەوشاوەیی و شکۆمەندی تەواوی خۆی لەناو یانەکە و لە دڵی هاندەراندا پاراستووە.
هەرچەندە چوار ساڵ بەسەر رۆیشتنی ئەودا تێپەڕیوە، بەڵام دەستکەوتەکانی هێشتا وەک بەربەستێک وەستاون بۆ هەر راهێنەرێک کە هەوڵی نووسینی لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی مێرێنگێدا بدات.
لەگەڵ ئەو شکستە گەورەیەی ریال مەدرید تووشی بووە، پێدەچێت گەڕانەوەی زیدان تەنیا ئەگەرێک نەبێت، بەڵکو نزیکترە لە رووداوێکی واقیعی.
سێ هۆکاری سەرەکی هەن وایانکردووە گەڕانەوەی زیدان بۆ راهێنەرایەتیکردنی ریال مەدرید تەنیا پرسی کات بێت:-
1 - ناوێکی گەورە و ئایکۆنی
تیپەکە لە پشێویدایە و پێویستی بە راهێنەرێک هەیە کە ناوێکی گەورە و ئایکۆنی هەبێت.
لە چەند مانگی رابردوودا ریال مەدرید ئەو ناسنامەیەی لەدەستدا کە لە ساڵانی سەردەمی زیدان پێی ناسرابوو، بەتایبەتی لەڕووی هاوسەنگی و دیسپلینی تاکتیکییەوە.
تیپەکە لە یاریگای خۆی و لە دەرەوەی یاریگا بەرامبەر ئارسیناڵ لەرزۆک دەرکەوت، لە بەرامبەر خێرایی و دیسیپلیندا بێدەسەڵات دەرکەوت، بەبێ ئەوەی ئەنچێلۆتی بتوانێت هیچ چارەسەرێک پێشکەش بکات.
دۆڕانی یەک لە دوای یەک لە ئیل کلاسیکۆ و ئەورووپا گومانی لەسەر توانای راهێنەری ئێستا دروستکردووە بۆ سەرکردایەتیکردنی تیپەکە لە کاتی لووتکە چارەنووسسازەکاندا.
زیدان نەک تەنیا وەک راهێنەرێک، بەڵکو وەک سیمبولێک سەیر دەکرێت کە دوای چەندین ساڵ لە دۆخێکی قورسدا شکۆمەندی بۆ یانەکەی گەڕاندەوە. بوونی ئەو لە ژووری جلگۆڕین دیسپلین دەگەڕێنێتەوە و متمانە بە یاریزانەکان دەبەخشێتەوە کە لەم دواییانەدا لەدەستییان داوە.
2 - گەرەنتی سەرکەوتن
زیدان، ریال مەدرید زۆر باش لە ناوەوە بۆ دەرەوە دەناسێت، میکانیکی ریال مەدرید دەزانێت، پەیوەندییەکی ناوازەی لەگەڵ کارگێڕی و یاریزانەکاندا هەیە.
مێژووی ئەو شاهیدی ئەوە، چونکە سێ نازناوی لەسەریەک لە چامپیۆنزلیگ و دوو نازناوی لالیگای بەدەستهێناوە، هەروەها تیپێک کە لەماوەی سەرۆکردایەتییەکەیدا سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان گۆڕا بۆ ئامێرێکی بردنەوە.
سەرەڕای ئاستەنگەکان، سەرکەوتوو بوو لە بردنەوەی لالیگا لە 2020 و گەڕانەوەی تیپەکە بۆ رکابەرییەکانی سەر ئاستی ناوخۆ و ئەورووپا.
تەنانەت لە 2021 کە دواوەرزی بوو، تاوەکو دوا قۆناخیش رکابەریی لەسەر لالیگا دەکرد.
3 - کەسایەتی ئەفسانە
نەوەی ئێستای یاریزانان وەک ئەفسانە رێز لە زیدان دەگرن.
ژمارەیەک یاریزانی ئێستای ریال مەدرید لە سەردەمی زیدان یارییان کردووە، بەباشی دەیناسن و رێزێکی زۆری لێدەگرن.
ڤینیسیۆس، ڤاڵڤێردی، کاماڤینگا، مۆدریچ و ڤاسکێز هەموویان لەژێر سەرپەرشتی زیزۆدا یارییان کردووە و کاریگەری ئەویان لەسەرە.
هەروەها جود بێلینگهام کە یاریزقانێکی کاریگەری ئێستای ریال مەدریدە، زیدان بە نموونەی خۆی دەزانێت و کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی یەکەمی مێرینگێ زیاتر لە جارێک رایگەیاندووە کە حەزدەکات لەژێر دەستی زیداندا مەشق و یاری بکات.
زیدان خاوەنی توانایەکی دەگمەنە بۆ بەڕێوەبردنی ژووری جلگۆڕین بەبێ ململانێ. تەنانەت ئەستێرە گەورەکانیش بەڕێزەوە گوێیان لێدەگرت و بڕیارەکانی ئەویان قبوڵ دەکرد، چونکە وەک کەسێکی نامۆ سەیری نەدەکرا، بەڵکو وەک یەکێک لەخۆیان سەیر دەکرا.
زیدان، بەمیرات و کەسایەتییەکەی، دەتوانێت پەیوەندی نێوان راهێنەر و یاریزانەکان رێکبخاتەوە.