راهێنەرێکی ئەڵمانی: ڤینیسیۆس کەم عەقڵە و رۆدیگێر بێڕێزە
رووداو دیجیتاڵ
ئیواڵد لینین راهێنەری دێرینی ئەڵمانی، هێرشی تووندی کردووەتە سەر ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی ریال مەدرید و گوتوویەتی، "هەڵسوکەوتەکانی بەرگە ناگیرێن".
قسەکانی ئەو راهێنەرە 72 ساڵییە، پاش ئامادەبوونی ئەو لە یاریی نێوان بایرن میونشن و ریال مەدرید هات، لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ کە بەسەرکەوتنی بایرن میونشن 4 - 3 گۆڵ کۆتایی هات و بەهۆیەوە ریال مەدرید ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە کرد.
لینین لە پۆدکاستێکدا بەشداریی کردووە و دەڵێ، "ئەوەی زۆر بێزاری کردم لە یارییەکەدا، زێدەڕۆیی خۆنواندن و خۆبەردانەوەی زیادە و بێمانای ڤینیسیۆس جۆنیۆر بوو، بەبڕوای من چیدی ناتوانم بەرگەی ئەوە بگرم، ئەو لە نێو یاریگەدا ببینم".
ئەو راهێنەرە کە پێشتر مەشقدانی یانەکانی هانزا رۆستۆک، کۆڵن، تێنیرێفی، ئۆڵۆمپیاکۆس، ئیک ئەسینا و سانت پاوڵی و میونشنگلادباخی لە ئەستۆ گرتووە، زیاتر لەبارەی ڤینییەوە دواوە و دەڵێ، "ئەگەرچی ئەو یاریزانێکی ناوازەی تۆپی پێیە، بەڵام بەبڕوای من، عەقڵی کامڵ نییە و بەتەواوی توانای عەقڵی خۆیەوە ناژی".
رەخنەکانی لینین لەو سنوورەدا نەوەستاون، بەڵکو ئەو هێرشی تووندی کردووەتە سەر ئانتۆنیۆ رۆدیگێری بەرگریکەری ئەڵمانیی یانەکە و دەڵێ، "بێڕێزە".
ڤینیسیۆس کە لە یارییەکەی بایرن میونشندا ئاستێکی مام ناوەندی پێشکەشکرد و تەنیا ئەسیستی گۆڵەکەی ئێمباپێی کرد، یەکەمجار نییە رووبەڕووی رەخنە و هێرشی راهێنەران و یاریزانانی پێشوو دەبێتەوە.
ڤینی لە یارییەکەدا رەخنەی زۆری لێگیرا، بەهۆی ئەوەی پاڵی بە جۆشوا کیمیچی یاریزانی بایرنەوە نا، لە کاتێکدا ئەو لەسەر زەوی کەوتبوو.
جۆسیپ سانتیچی یاریزانی بایرنیش گوتی، رۆدیگێر لە کاتی یارییەکەدا سووکایەتیی پێکردووم.