زاخۆ بە سەربەرزییەوە ماڵئاوایی لە جامی کەنداو کرد
رووداو دیجیتاڵ
لە یارییەکی پڕ ململانێ و جۆش و خرۆشدا، هەردوو یانەی زاخۆ و شەبابی سعودی لە چوارگۆشەی زێڕینی جامی کەنداو رووبەڕووی یەکدی بوونەوە.
یارییەکە ئاستێکی بەرزی بەخۆوە بینی و هەردوولا بە تووندی بەرگرییان لە گۆڵەکانیان دەکرد. لە خولەکی 74 یارییەکەدا، ئێچیتا دیپیۆتی گۆڵی پێشکەوتنی بۆ زاخۆ تۆمارکرد، بەڵام شەباب لە هەڵەیەکی هێڵی بەرگری یاریزانی ئوردنی یوسف رائید، توانی لە رێگەی کاراسکۆ بە لێدانی سزا ئەنجامەکە یەکسان بکاتەوە، بەمەش یارییەکە چووە کاتە زیادکراوەکان و دواتر لێدانە یەکلاکەرەوەکان.
دوای یەکسانبوونیان لە کاتی ئاسایی و زیادکراودا بە گۆڵێک بۆ هەردوولا، شەبابی سعودی بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان و بە ئەنجامی 4-3 گۆڵ لە زاخۆی بردەوە و گەیشتە یاری کۆتایی جامی کەنداو.
لە لێدانە یەکاکەرەوەکاندا، یانەی شەباب 4 لێدانی سەرکەوتووی گۆڵ کرد و تەنیا یەک لێدانی لەدەستدا. زاخۆ تەنیا 3 لێدانی گۆڵ کرد و لێدانەکانی دووەم و پێنجەمی لەدەستدا.
بەم ئەنجامە، شەبابی سعودی بلیتی گەیشتن بە یاری کۆتایی بڕی و هیوای بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە بەردەوامە. زاخۆش دوای پێشکێشکردنی ئاستێکی بەرز بەرامبەر یەکێک لە یانە هەرە بەهێزەکانی سعودیە، بە سەربەرزییەوە ماڵئاوایی لە خولەکە کرد.