ڤیدیۆ؛ یاریزانانی فرانکفۆرت هێرشیان کردە سەر راهێنەرەکەیان
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئینتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانی کۆتایی بە چاوەڕوانییە دوور و درێژەکەی هێنا بۆ بردنەوەی نازناوێکی ئەوروپی، کە 42 ساڵی خایاند، تاوەکو توانی ببێتە پاڵەوانی یۆرۆپالیگ، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا، کە لە سێڤییا بەڕێوەچوو، بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە 5-4 لە گلاسکۆ رێنجەرزی سکۆتلەندی بردەوە.
دڵخۆشی و ئاهەنگگێڕانی یاریزانانی یانە ئەڵمانییەکە، بۆ بردنەوەی یەکەم نازناوی ئەوروپی لە دوای ساڵی 1980 کە ئەوکات یانەکەیان جامی یەکێتی ئەوروپای بردەوە، تەنیا لەنێو یاریگەدا کۆتایی نەهات، بەڵکو گەیشتە نێو هۆڵی کۆنگرەی رۆژنامەڤانی راهێنەرەکەیان.
لە کاتێکدا کە ئۆلیڤەر گلاسنەری راهێنەری فرانکفۆرت لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکە قسەی بۆ رۆژنامەڤانان دەکرد، یاریزانانی خۆیان گەیاندە نێو هۆڵەکە و کۆنگرەی رۆژنامەڤانی راهێنەرەکەیان تێکدا، شامپانیایان بەسەردا رژاند و دەستیان بە ئاهەنگگێڕان کرد.
هاندەرانی یانەی ئیتراخت فرانکفۆرتیش لە دەرەوەی یاریگە و لەنێو شاری سێڤییا و لە شارەکەشیان شێتانە ئاهەنگیان گێڕا، کە بە درێژایی پاڵەوانێتییەکە پشت و پەنایەکی بەهێزی یانەکەیان بوون و هۆکارێکی سەرەکی بوون بۆ بردنەوەی ئەو نازناوە ئەوروپییە.
یانە ئەڵمانییەکە کە 13 یاریی لەم پاڵەوانێتییەدا کرد و بەبێ دۆڕانی ھیچ یارییەك بووە پاڵەوانی یۆرۆپالیگ، راستەوخۆ گەیشتە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، ئەگەرچی ئێستا لە ریزبەندیی خولی ئاڵمانیادا پلەی 11ـی گرتووە.