لوکا و ئەلۆنسۆ مێژوو دەنووسنەوە
رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا مانگێکی دیکە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید کۆتاییدێت و دەنگۆی زۆر لەبارەی داهاتووی یاریزانەکەوە بڵادەکرێنەوە، بەڵام راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی دەڵێت "ئەگەری هەیە لوکا مۆدریچ لە ریال مەدرید بمێنێتەوە."
ماڵپەری رێلیڤۆی ئیسپانی دەڵێت "چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری داهاتووی یانەی ریال مەدرید دەیەوێت مۆدریچ بۆ وەرزی داهاتوو لەگەڵ یانەکە بێت و داوایکردووە گرێبەستەکەی بۆ وەرزێک نوێبکرێتەوە."
مۆدریچ لە 30-6-2025 گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید کۆتاییدێت و تەمەنی لە 40 ساڵ نزیکبووەتەوە، یاریزانەکە پێیخۆشە لەگەڵ ریال مەدرید بەردەوامبێت و بەشداری لە مۆندیالی یانەکاندا بکات، کە ئەم هاوینە لە ئەمریکا بەڕێووەدەچێت.
ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر میدیای ئیسپانیا رایگەیاندبوو، مۆدریچ لە کۆتایی ئەم وەرزەدا لە یانەی ریال مەدرید دەڕوات و ئەزموونێکی نوێ تاقیدەکاتەوە.
ئەستێرە کرواتییەکە هێشتا بڕیاری خۆی نەداوە، چاوەڕواندەکرێت چەند هەفتەی داهاتوو کارگێڕیی یانەی ریال مەدرید بڕیاری کۆتایی لەبارەی ئەو یاریزانەوە بدات.
لوکا مۆدریچ، لەگەڵ ریال مەدرید 28 نازناوی جیاوازی بردووەتەوە و یەکێک بووە لە کاریگەرترین ئەستێرەکانی یانەکە، پێشتر وەکو یاریزان لە ریال مەدرید لەگەڵ چابی ئەلۆنسۆ یارییکردووە و لە ئەگەری مانەوەی لە یانەکەدا مێژووییەکی نوێ بەیەکەوە تۆماردەکەن، بەڵام ئەمجارە مۆدریچ یاریزان دەبێت و ئەلۆنسۆش راهێنەری ریال مەدرید.