هاری کەین: لێرە ناڕۆم


رووداو دیجیتاڵ

هاری کەینی کاپتنی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا پێیوایە کە یانەی بایرن میونشن هێشتا لەسەرەتای رێگایەدا و دەڵێ لێرە ناڕۆم و دەمەوێت بەردەوام بم.
 
کەین پێشەوایەتیی بایرن میونشنی کرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوی بۆندێسلیگای ئەمساڵ، ئەو دوای ئاهەنگگێڕان لەگەڵ یاریزانانی یانەکەی خۆشەویستی و دڵنیایی خۆی و خێزانەکەی لە هەریمی باڤاریا دووپاتکردەوە.
 
هاری کەین دەڵێ، خێزانەکەم لێرە سەقامگیرن، هاوڕێکانم و راهێنەرەکەم و یانەکەم خۆشدەوێت، لە میونشن زۆر دڵخۆشین، منداڵەکانم حەزیان لێرەیە و دەمەوێت لە داهاتووش لێرەبم.
 
هەروەها دەڵێ، لێرە ناڕۆم و دەمەوێت بەردەوام بم.
 
کەین دانیپێداناوە کە فێربوونی زمانی ئەڵمانییەکەی سستە و خراپە. ئەو دەڵێ، وێڕای دوو ساڵم لە میونشن، بەڵام هێشتا وردە وردە فێردەبم و وانە دەخوێنم، بەڕاستی کارەکە قورسە.
 
هاری کەین، ئەمساڵ 38 گۆڵی کردووە.