پێرێز مەرجێکی بەسەر مۆرینیۆدا سەپاندووە
رووداو دیجیتاڵ
بەپێچەوانەی ئەوەی دەگووترێت جۆزێ مۆرینیۆ بەمەرج دەگەڕێتەوە ریال مەدرید، فلۆرێنتینۆ پێرێز مەرجێکی بۆ سپێشەڵ وەن داناوە و راهێنەرە پۆرتوگالییەکە رازی بووە.
میدیاکان ئاشکرایان کردووە کە جۆزێ مۆرینیۆ رازی بووە بە هێشتنەوەی ئەنتۆنیۆ پینتۆسی راهێنەری توانای جەستەیی لە ناو ستافی هونەرییەکەیدا لە ریال مەدرید، ئەمەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ داواکارییەکی راشکاوانەی فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە، کە بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە پێرێز ئەو مەرجەی بەسەر مۆرینیۆدا سەپاندووە و ئەویش رازی بووە.
ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی رێکخستنە کۆتاییەکانی گەڕانەوەی سێپێشەڵ وەن بۆ سانتیاگۆ بێرنابیۆ دێت، کە بەگوێرەی ئەوەی رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی پشتڕاستی کردووەتەوە، راگەیاندنی فەرمی تەنیا چەند رۆژێکی کەمی ماوە.
گرێبەست بۆ دوو وەرز و بژاردەی سێیەم
بەگوێرەی رۆژنامەکە، مۆرینیۆ گرێبەستێک بۆ ماوەی دوو وەرز واژۆ دەکات، لەگەڵ ئەگەری نوێکردنەوەی بۆ وەرزی سێیەم لە حاڵەتێکدا ئەگەر یانەی شاهانە لەژێر سەرپەرشتی ئەودا نازناوی خولی ئیسپانی بەدەستبهێنێت.
ئاماژە بەوەش دراوە کە راهێنەرە پۆرتوگالییەکە روی کۆستای سەرۆکی یانەی بێنفیکای ئاگادار کردووەتەوە لە رەتکردنەوەی پێشنیازی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، بەمەش رێگەی بۆ گواستنەوەی بۆ پایتەختی ئیسپانیا خۆش کردووە.
راگەیاندنی فەرمی دوای دووبارە هەڵبژاردنەوەی پێرێز
بڕیار وایە دوای ئەوەی رۆژی یەکشەممە 24ـی ئایار فلۆرێنتینۆ پێرێز بەفەرمی وەک سەرۆکی یانەکە دووبارە دەستنیشان دەکرێتەوە، گرێبەستەکە رابگەیێنرێت، مۆرینیۆش لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی داهاتووەوە بەشێوەیەکی کردەیی و بە دەسەڵاتی تەواوەوە دەستبەکار دەبێت.