لاوتارۆ باسی نەهامەتییەکانی منداڵیی دەکات و وەڵامی مۆرینیۆ دەداتەوە


رووداو دیجیتاڵ

لاوتارۆ مارتینێز، هێرشبەری یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی لە چاوپێکەوتنێکی درێژدا باسی ژیانی منداڵی و کێشە دەروونییەکانی خۆی کردووە، ئەمە جیا لە ئەگەری چوونە یانەی بارسێلۆنا.
 
لاوتارۆ لەبارەی بەدەستهێنانی نازناوی خولی ئیتاڵییەوە دەڵێ، دیاریی راستەقینە بۆ بەدەستهێنانی نازناوی سێری ئا، ئاهەنگگێڕان و پاداشت نییە، بەڵکو ئەو دەستکەوتەیە کە لە داهاتوودا دەبێ بەدەست بهێنرێت.
 
کاپتنەکەی ئینتەر ئاشکرایکردووە، دایک و باوکی بەشدارییان لە ئاهەنگەکانی بەدەستهێنانی نازناوی سێری ئا کردووە لە ئیتاڵیا، بەڵام پێشتر بەهۆی کارەوە، نەیانتوانیبوو بچنە ئاهەنگی بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیال.
 
لاوتارۆ باسی ئۆلگای نەنکی کردووە، دووپاتیکردووەتەوە کە ئەو داپیرەیە کاریگەریی زۆری لەسەر دروستکردووە، "کاتێک منداڵ بووم، ئەو خزمەتگوزاری ئەو قوتابخانەیە بوو کە من تێیدا دەمخوێند، هەموو رۆژ لە خاوێنکردنەوەدا یارمەتیم دەدا بۆ ئەوەی زوو تەواو بێت. ناوی ئەوم بەتاتو لەسەر قۆڵم نووسیوە و لەگەڵ هەموو نازناوێکدا، درێسێک دەکەمە دیاریی بۆی".
 
منداڵییەکی تووند
 
کاپتنی ئینتەر وردەکاریی ئازاربەخشی لەبارەی منداڵێتیی خۆیەوە ئاشکراکردووە و دەڵێ، خێزانەکەم پارەی پێویستیان بۆ دابینکردنی ژیانێکی سەقامگیر نەبوو.
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "باوکم یاریزانی تۆپی پێ بوو، بەڵام ناچاربوو ببێتە میکانیکیی فڕۆکە، دواتر بووە پەرستاری نەخۆشە بەتەمەنەکان، لە کاتێکدا دایکم کاری خاوێنکردنەوەی ماڵانی دەکرد".
 
زیاتر دەڵێ، "هەندێکجار ئێمە خاوەنی خانووی راستەقینە نەبووین بۆ ژیان، چەند ساڵ لەماڵی هاوڕێکانی باوکمدا ژیاین و پارەیەکی سیمبولیمان وەک کرێ دەدا و لەبیرمە زۆرجار تاوەکو کاتی نانخواردن دەهات، زۆر برسیی دەبووم".
 
لاوتارۆ بەپێکەنینەوە دەڵێ، "وێڕای نەهامەتییەکان دڵخۆش بووم، ئەو جۆرە ژیانە کەسایەتیی منیان دروستکرد و وایانکرد بەردەوام خاکەڕا و بەڕێز بم".
 
یاریی باسکە
 
لاوتارۆ ئاشکرایکردووە، ویستی ئەو بۆ تۆپی پێ لە منداڵییەوە دەستیپێکردووە، ئەوەش بەهۆی باوکییەوە. ئەو ئاشکرایکردووە لەگەڵ باوکی دەچووە یاریگا، پاشان هەر بەهۆی ئەوەوە دەچوو لە ژووری جلگۆڕیندا خۆی دەشاردەوە بۆ ئەوەی گوێی لە قسەی سەرکردەی تیپەکان بێت.
 
ئاماژەی بەوەداوە کە لە گەنجیدا یاریی باسکەی کردووە، بەرلەوەی کە بڕیاربدات هەموو سەرنجەکانی خۆی بخاتە سەر تۆپی پێ و لە تەمەنی پانزە ساڵیدا رووبکاتە یانەی راسینینگی ئەرجەنتینی.
 
ئەو دەڵێ، رۆیشتن لە شارەکەی خۆم و چوونە بۆینس ئایرس ئاسان نەبوو. بەتایبەت کە برا گەورەکەم کێشەی تەندروستیی هەبوو و بەڵام سووربووم لەسەر لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتییەکە و بەدیهێنانی خەونەکە.
 
مۆرینیۆ و بارسێلۆنا
 
پێشتر جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری پێشووی ئینتەر لە وەڵامی پرسیارێکدا گوتبووی، "هیچ یاریزانێکی پێکهاتەی ئێستای ئینتەر، نابەمە ئەو پێکهاتەیەی ساڵی 2010 سیانە مێژووییەکەی چامپیۆنزلیگ، سێری ئا و جامی ئیتاڵیای بەدەستهێنا".
 
لاوتارۆ رووبەڕووی هەمان پرسیار کراوەتەوە، ئەو دەڵێ "هەر کەسە و بیرۆکەی تایبەتی خۆی هەیە، بەلای منەوە، هیچ سوودێک لە بەراوردکردنی یاریزانانی سەردەمە جیاوازەکاندا نییە، گرنگ ئەوەیە هەمووان بیر لە بەرژەوەندیی ئینتەر بکەنەوە".
 
لاوتارۆ هەروەها گوتویەتی کە ئاواتەخوازە تاوەکو کۆتایی کاروانی یارییکردنی لەگەڵ ئینتەر بەردەوام بێت، ئەو دەڵێ، "لێرە دڵخۆشم، خێزانەکەم بەهەمان شێوە، منداڵەکانم دەچنە قوتابخانە و هاوڕێیان هەیە، قورسە بیهێنمە بەرچاوی خۆم لە شوێنێکی دیکەبم، ئەگەر دەرم نەکەن، دەمێنمەوە".
 
ئەو دووپاتیکردووەتەوە کە بایەخ بە ژمارە پێوانەییەکان نادات، ئەگەرچی نزیکە لەوەی ببێتە خاوەن زۆرترین گۆڵ لە مێژووی یانەکەدا، "ئەوە ناوازەیە بگەمە ژمارەی جۆزیپی میاتزا، بەڵام ئەو شتە مێشکی منی سەرقاڵ نەکردووە".
 
قۆناخی سەخت لە ئینتەر
 
لاوتارۆ دانیبەوەداناوە کە ماوەیەکی بەرچاو کێشەی گەورەی لە متمانەبەخۆبوون هەبووە. ئەو دەڵێ "هەندێکجار گومانم لە خۆم دەکرد، تەنانەت لە خۆمم دەپرسی ئایا شایستەی ئەوەم درێسی ژمارە 10 لەبەر بکەم، گەیشتمە قۆناخێک تەواو بێئومێد بووم".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "تاوەکو ئێستا لەگەڵ چارەسەرکارێکی دەروونیدا لە یانەکە لە باشترکردن و چارەسەری دەروونیی بەردەوامم، ئەوە زۆر یارمەتیدام، بەتایبەت لەماوەی پێکانی درێژدا".
 
لاوتارۆ نەیشاردووەتەوە کە هاوینی رابردوو، دوای چوونە دەرەوە لە مۆندیالی یانەکان، بیری لە رۆیشتن لە ئینتەر کردووەتەوە.
 
هاری کەین باشترینە
 
هێرشبەرەکەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە قسەکردن لەبارەی بۆچوونەکان و چیرۆکی ژیانی خۆیەوە بەردەوام بووە و دەڵێ، کریستییان کیڤۆ ئارامیی گێڕایەوە بۆ یانەکە. هاوکات لاوتارۆ سوپاسی سیمۆنی ئینزاگیی راهێنەری پێشووی یانەکە کردووە و دەڵێ، چوار ساڵی ناوازەی لەگەڵ یانەکە هەبوو.
 
لاوتارۆ لەبارەی باشترین هێرشبەری ئێستای جیهانەوە، هاری کەینی هەڵبژاردووە وەک باشترینی جیهان و دەڵێ لای من، ئەو لە هالاند باشترە چونکە لە جووڵەکردن لەناوچەی سزا، زیرەکترە و توانای گەورەی هەیە لە پێکەوەبەستنەوەی هێڵەکان و لای من، کەین دیاردەیەکی راستەقینەیە.