مارتینێز لیستی پۆرتوگالی بۆ مۆندیال راگەیاند و رۆناڵدۆ دەبێتە خاوەن ریکۆردێکی مێژوویی

رووداو سپۆرتس

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کاپتنی هەڵبژاردەی پۆرتوگال بەفەرمی بانگهێشتی لیستی وڵاتەکەی بۆ مۆندیالی 2026 کرا. بەم بڕیارە رۆناڵدۆ لەگەڵ لیۆنێل مێسی و ئۆچوای گۆڵپاریزی مەکسیک دەبن ئەو سێ تاکە یاریزانەی بەشدارییان لە شەش خولی جیاوازی مۆندیالدا کردووە. 
 
رۆبێرتۆ مارتینێز، راهێنەری هەڵبژاردەکە جەختی لە گرنگی رۆڵی رۆناڵدۆ کردەوە و رایگەیاند پۆرتوگال بەربژێرە بۆ نازناوەکە، بەڵام تیپی سەرەکی نییە بۆ بردنەوەی جامەکە.
 
رۆبێرتۆ مارتینێز لیستی کۆتایی یاریزانانی بۆ مۆندیال راگەیاند، کە تێیدا ناوی کریستیانۆ رۆناڵدۆی تەمەن 41 ساڵ دەبینرێت. رۆناڵدۆ بەم بانگهێشتە مێژوو دەنووسێتەوە. 
 
مارتینێز لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "کاتێک باسی کریستیانۆ دەکەین، وەک ئایکۆنێکی جیهانی دەیبینین و وەک کاپتنی تیپەکەمان ورەیەکی بەرز دەدات بە هەڵبژاردەکە".
 
راهێنەرە پۆرتۆگالییەکە ئاماژەی بەوە کرد رۆناڵدۆ وەک کاپتنێکی نموونەیی دەمێنێتەوە و رۆڵێکی گەورەی لە ناو ژووری جلگۆڕیندا دەبێت. مارتینێز گوتی "هیوادارم هەمان ئەو رۆڵەی هەبێت کە لە سێ ساڵی رابردوودا لەگەڵ مندا هەیبووە. ئەو وەک یاریزانەکانی دیکە داواکاری لێدەکرێت و رکابەرییەکی زۆری هەیە بۆ ئەوەی هەمیشە لە باشترین ئاستدا بێت". 
 
سەرەڕای ئامادەبوونی رۆناڵدۆ، لیستەکە چەند دوورخستنەوەیەکی تێدابوو، کە هەریەکە لە ماتیۆس فێرناندێز و جواو پاڵینیا نابینرێن، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی لە پرێمەرلیگ ئاستێکی بەرزیان پێشکێش کردبوو.
 
سەبارەت بە هەلەکانی پۆرتوگال بۆ بردنەوەی نازناوەکە، مارتینێز بەوریاییەوە قسەی کرد و رایگەیاند بردنەوەی مۆندیال تەنیا بەهرە نییە، بەڵکو لایەنی دەروونیشی تێدایە. راهێنەری پۆرتوگال گوتی "تەنیا ئەو تیپانەی پێشتر مۆندیالیان بردووەتەوە ئەگەری ئەوەیان هەیە مۆندیال ببەنەوە. بۆ ئێمە وشەی بەربژێر گونجاوترە. ئێمە توانیومانە نازناوی نەیشنزلیگ بەسەر ئەڵمانیا و ئیسپانیادا ببەینەوە، بۆیە خەون دەبینین و ئاڵنگاری دەکەین، بەڵام خۆمان بە پاڵەوانی سەرەکی نازانین".
 
هەڵبژاردەی پۆرتوگال پێش دەستپێکردنی یارییەکانی مۆندیال، دوو یاریی دۆستانە ئەنجام دەدات؛ یەکەمیان لە 06ـی مانگی 06 بەرامبەر چیلی و دووەمیشیان لە 10ـی مانگی 06 بەرامبەر نایجیریا دەبێت. دوای ئەم یارییانە، شاندەکە بەرەو بنکەی مەشق و راهێنانەکانیان لە پاڵم بیچ لە ویلایەتی فلۆریدا بەڕێدەکەون. یەکەم یاریی فەرمی پۆرتوگال لە مۆندیال لە 17ـی مانگی 06ـی 2026 لە شاری هیوستن بەرامبەر کۆنگۆی دیموکرات ئەنجام دەدرێت.