دهۆک و نەفت بە خاڵێک رازیبوون



رووداو دیجیتاڵ

یاری نێوان نەفت و دهۆک لە گەڕی 36ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق بە گۆڵێک بۆ هەرلایەکیان کۆتاییهات، یارییەکە لە خولەکەکانی کۆتایی و کاتە زیادکراوەکاندا گۆڕانکاری زۆری بەخۆیەوە بینی.
 
نەفت لەنێو یاریگەی خۆیدا میوانداری دهۆکی کرد. گێمی یەکەمی یارییەکە بەبێ گۆڵ کۆتاییهات. لە گێمی دووەمدا و لە خولەکی 84ـدا وەلید کەریم، یاریزانی نەفت بە کارتی سوور کرایە دەرەوە، ئەمەش گوشاری بۆ سەر یانەکەی دروستکرد.
 
لە کاتە زیادکراوەکاندا، ناوبژیوان لێدانێکی سزای بۆ نەفت هەژمارکرد، کرار رزاق لە خولەکی 94 گۆڵی پێشکەوتنی بۆ خاوەن ماڵ تۆمارکرد. دهۆک تاوەکو دوایین چرکەکان کۆڵینەدا، لە خولەکی زیادکراوی 101 لێدانێکی سزای بۆ هەژمارکرا، پیتەر گۆرگیس بە سەرکەوتوویی جێبەجێی کرد و ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە.
 
ئەحمەد بەشاری، گۆڵپارێزی دهۆک لەم یارییەدا ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد، توانی دوو هێرشی مەترسیداری یاریزانانی نەفت بگەڕێنێتەوە.
 
بەپێی ئەنجامەکە، دهۆک کۆی خاڵەکانی گەیاندە 50 خاڵ و لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی خولەکەدایە، یانەی نەفت بە 42 خاڵ پلەی 13ـی ریزبەندییەکەی گرتووە.