بەهرەیەکی تۆپی پێ بەڕێوەیە.. مەسرور یاریی بۆ هەڵبژاردەی لاوانی عێراق دەکات
رووداو دیجیتال
ئەگەر بواریان بۆ بڕەخسێنن، دەیان و سەدان منداڵ و لاوی کورد خاوەنی بەهرەی گەورەن لە تۆپی پێ، ئەگەر هەر یەکێک لەوانەش پشت و پەنایەکی لەنێو خێزانەکەیدا هەبێت و یارمەتی بدات، بێگومان داهاتوویەکی باشی دەبێت.
مەسرور فەخرەدین، تەمەن 18 ساڵ نموونەیەکی بەرجەستەی ئەو راستییەیە، کە فەخرەدینی باوکی دوای ئەوەی دەزانێت مەسرور بەهرەی یاری تۆپی پێی لە مێشک و جەستەیدا هەیە، بڕیاردەدات هەموو شتێک بکات لەپێناو پێگەیاندنی کوڕەکەی و سەرکەوتووش دەبێت، کە ئێستا مەسرور یاریزانی هەڵبژاردەی لاوانی عێراقە.
مسرور لەدايكبووى ساڵی 2003، سەرەتا لەگەڵ ئەکادیمیای دالکورد لە هەولێر دەستیپێکرد و هەردوو کاپتن ئامانج و بێستۆن یارمەتییان دا کە بەشێوەیەکی ئەکادیمی مەشق و راهێنان بکات.
مەسرور لەبەرئەوەی هەموو سیفەتە پێویستەکانی یاریزانی بەتوانای تێدایە، لەلایەن هەر راهێنەرێکەوە مەشقی پێدرابێت، پێی سەرسام بووە و گەشبین بووە کە دەبێتە یاریزانێکی باش، ئەو باڵابەرز و جەستە بەهێزە، خێرایە و لە کاتی یارییدا بە عەقڵ یاری دەکات، بەرگرێکارێکی جۆکەرە و دەتوانێت لە دڵی بەرگری و هەردوو باڵیش یاری بکات.
فەخرەدینی باوکی مەسرور، لەبارەی کوڕەکەیەوە بە رووداوی گوت "لهدواى وهستانى راهێنان له دالكورد نهمهێشت دانیشێت، بردمه تازهپێگەیشتووانی یانهى پێشمهرگه، کە لهگەڵیدا بەشداری لە خولى تازهپێگهیشتووانى كوردستاندا كرد، پاشان له خولى لاواندا بەشداری کرد، ئینجا پێشمەرگەی ههولێر بردییه ریزى تیپی یەکەم، ئەگەرچی بەشداری له هیچ یارییهكى خولى نایابدا نەکرد".
دواى ئهوهى یهكێتیى تۆپی پێی عێراق، بڕیاریدا خولى لاوانى عێراق بەڕێوەبچێت، یانهى ههولێر داوایكرد چهند یارییهكى دۆستانه لهگەڵ یانهكان بکات بو ئهوهى چهند یاریزانێکى لێهاتوو بگوازێتەوە ریزهكانى بۆ بهشداریكردن له خولى لاوانى عێراق، یهكێك لهو یاریزانانهى وهرگیران مسرور بوو.
دوای بەشداریکردنی مەسرور لەگەڵ یانەی هەولێر، له خولى لاوانى عێراق، عیماد محەممەدی راهێنهرى هەڵبژاردەی لاوانى عێراق بە ئاستی سەرسام بوو، بۆیه 5 یاریزانى یانهى ههولێرى بانگهێشتى تیپى لاوانى عێراق كرد و دوای تێستکردنیان 3 لەو یاریزانانەى بهفهرمى وهرگرت، ئەوانیش عەلى شاخهوان، عەبدولقادر ئەیوب و مەسرور فەخرەدین بوون.
مەسرور دوای چەند رۆژێک مەشقکردن لەگەڵ هەڵبژاردەی لاوانی عێراق لە بەغدا، لەگەڵ شاندی تیپەکە لە 11ـی مانگی 6 گەشتی میسری کردووە بەمهبهستى بهشداریكردنیان له جامى لاوانی عهرهب.
مەسرور بە رووداوی گوت "زۆر دڵخۆشم کە ئێستا لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق لە پاڵەوانێتیەکی گەورەدا یاری دەکەم".
ئەو گوتیشی "لەبەرئەوەش زۆر دڵخۆشم کە دەبینم ماندووبوونی باوکم بەهەدەر نەچووە و ئێستا دەبینێت ئەو کوڕەی یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقە، کە هەموو شتێکی بۆی کردووە، ئەو پشت و پەنای من بوو، لەو نەبووایە هەرگیز نەدەگەیشتمە ئێرە".
مەسرور لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ رووداو، گوتیشی "من ئامادەم بۆ ئەوەی باشترین ئاست لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق لە جامی لاوانی عەرەبدا پێشکەش بکەم، دەبێ بۆ هەمووان بسەلمێنم کە کوردستان خاوەنی کۆمەڵێک بەهرەی گەورەیە لە تۆپی پێدا".