ڤیدیۆ؛ هیلال، ریال مەدریدی شۆککرد
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید یەکەم یاریی لە مۆندیالی یانەکاندا ئەنجامدا و لەگەڵ یانەی هیلالی سعودی یەکسانبوو.
دوای ئەوەی هیلال چەند هێرشێکی بردە سەر گۆڵی ریال مەدرید و گۆڵی تۆمار نەکرد، لە خولەکی 34 گۆنزالۆ گارسیا، یاریزانی لاوی یانەی ریال مەدرید لە هێرشێکی پێچەوانەدا گۆڵی پێشکەوتنی بۆ لۆس بلانکۆس تۆمارکرد.
زۆری نەبرد لێدانێکی سزا بۆ هیلال هەژمارکرا و رۆبن نێڤێز سەرکەوتووانە لێدانەکەی جێبەجێکرد و ئەنجامەکەی بۆ یانە سعودییەکە یەکسانکردەوە.
لە دوایین ساتەکانی نیوەی یەکەمدا هەلی تۆمارکردنی گۆڵی دووەم بۆ هیلال رێکەوت، بەڵام سالم دوسەری سوودی لێ وەرنەگرت.
لە دوایین خولەکەکانی یارییەکەدا لێدانێکی سزا بۆ ریال مەدرید هەژمارکرا، فێدریکۆ ڤالڤێردی لە جێبەجێکردنیدا سەرکەوتوو نەبوو، یاسین بۆنۆ تۆپەکەی گەڕاندەوە و یارییەکە بەیەکسانبوون بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک کۆتاییهات.
لە یاریی داهاتوودا ریال مەدرید شەوی یەکشەممە کاژێر 22:00 بەرامبەر یانەی پاچوکای مەکسیکی یاری دەکات و یانەی هیلالی سعودی کاژێر 01:00 رووبەڕووی یانەی سالزبۆرگی نەمسایی دەبێتەوە.
دوای یارییەکە رۆبن نێڤێز، ئەستێرەی یانەی هیلالی سعودی دڵخۆشیی خۆی بۆ یەکسانبوون لەگەڵ ریال مەدرید پێشاندا و گوتی "پێشانماندا کە ئێمە تەنیا بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالدا نەهاتووینەتە ئێرە."
لە یارییەکەدا هیلال بە ئاستبەرزەکەی ریال مەدریدی سەرسامکرد، بەتایبەت لە نیوەی یەکەمدا یانە سعودییەکە زۆر لە ریال مەدرید باشتر و مەترسیدارتر بوو.
بەشێوەیەکی گشتی کۆنتڕۆڵی تۆپ 52٪ لای ریال مەدرید بوو و 48٪ لای یانەی هیلال بوو، ئەمەش تارادەیەک رێژەیەکی هاوسەنگە، ریال مەدرید 17 لێدانی بەشێوەیەکی گشتی هەبوو و یانەی هیلال 13 لێدانی هەبوو.
یاریزانانی یانەی ریال مەدرید لە یارییەکەدا 498 پاسیان دایە یەکدی و یاریزانانی یانەی هیلال 469 پاسیان هەبوو و لەمەشدا هەردوو یانە بەتەواوی لە یەکدییەوە نزیکبوون.