ترەمپ چی بە یاریزانانی یوڤێنتوس گوت؟

 
رووداو دیجیتاڵ

پێش ئەنجامدانی یەکەم یارییان لە مۆندیالی یانەکاندا، لە پڕێکدا و بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، یاریزانانی یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەرکەوتن.
 
ترەمپ ئەم ماوەیە زۆر سەرقاڵە و زۆریش قسەدەکات، بەتایبەت کە جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران بەردەوامە و هەردوولا هەڕەشە لە یەکدی دەکەن.
 
لەگەڵ ئەوەشدا دۆناڵد ترەمپ، پێشوازیی لە شاندی یانەی یوڤێنتوس کرد، کە لەگەڵ جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا چوونە ئۆڤاڵ ئۆفیس کە شوێنی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکایە.
 
ترەمپ بە یاریزانانی یوڤێنتوسی گوت "تیپێکی نایابمان لە پشتەوەیە، هاوڕێیەکی من خاوەنی یانەکەیە و بازرگانێکی خەیاڵییە، کوڕێکی گەنجە و پێموایە درێژترین زنجیرەی خاوەندارییەتیکردنی هەیە لە وەرزشدا، ئەویش جۆن ئێلکانە و پێموایە ئێوە دەیناسن کە کارێکی خەیاڵیی لە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلدا کردووە."
 
دوای ئەوە ترەمپ باسی ئینفانتینۆی کرد و گوتی "ئێمە جیانی ئینفانتینۆمان هەیە کە کاری کردووە بۆ ئەوەی مۆندیال لێرە بکرێت و ئێوە یاریتان هەیە، لە کوێ یاری دەکەن؟ لە واشنتن؟ هیوادارم هەموو بلیتەکانی یارییەکە بفرۆشرێن."
 
دوای ئەوە ترەمپ گوتی ئێوە دوو یاریزانی ئەمریکیتان هەیە، بەخێربێن کوان ئێوە یاریزانە ئەمریکییەکان، جەستن مەکینی و تیمۆسی ویا هاتنە پێشەوە و تەوقەیان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کرد، ترەمپ پێیگوتن، ئێوە نایابن، هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم، هیوادارم ئێوە باشترین یاریزان بن لە یاریگەدا.
 
یوڤێنتوس دوای ئەم کۆبوونەوەیەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، یەکەم یاریی خۆی لە مۆندیالی یانەکاندا ئەنجامدا و بە 5-0 لە یانەی عەینی ئیماراتیی بردەوە.