هاندەرانی میلان و ئینتەرمیلان بە دروستکردنی 'میلیشیای تایبەت' تۆمەتبارکران
رووداو دیجیتاڵ
دادگایەکی ئیتاڵیا، بڕیاری بەندکردنی لەنێوان 10 تاوەکو 16 ساڵ بۆ ژمارەیەک لە هاندەرانی میلان و ئینتەرمیلان دەکرد، پاشئەوەی تۆمەتباریکردن بەئەنجامدانی تاوان لە نێویاندا کوشتن، سەرانەلێسەندن و پەیوەندی بە مافیای ندرانگیتا.
بڕیارەکانی داداگاکە، لە دوای دادگاییکردنێکی خێرا هاتن کە لەپشتی دەرگای داخراوەوە لە نێو بەشێکی تایبەتی بەندیخانەی پاسەوان تووندی سان ڤیتۆری لە میلان ئەنجامدرا.
دۆسێیەکە سەریکێشا بۆ دادگاییکردنی 19 کەس، کە لە مانگی نۆی ساڵی رابردووەوە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون، پاش لێکۆڵینەوەی داواکاری گشتی میلانۆ و داواکاری گشتیی ئیتاڵیا بۆ لەنێوبردنی مافیاکان.
بڕیارە دادگاکە، بڕیاری خۆی لەبارەی سێ کەسی دیکەوە ئاشکرابکات، کە لە ئاڵتراسی میلانن و تۆمەتی جیاوازیان ئاراستەکراوە.
داواکاری گشتیی ئیتاڵیا رایگەیاندووە، گرووپەکانی ئاڵتراس، وەک 'میلیشیای تایبەت' هەڵسوکەوتیان کردووە و خاوەنی هەژموون بوون و لە دەرەوەی یاریگەکان کاری تاوانکارییان ئەنجامداوە و هۆکاربوون بۆ ئەوەی مافیا و گرووپە راستڕۆ تاوانکارەکان، بچنە نێو یاریگەکانەوە.
رۆسانا مۆنگیاردۆی دادوەر، بڕیاری دە ساڵ بەندکردنی بۆ ئاندریا پێریتای سەرۆکی پێشووی ئاڵتراسی ئینتەرمیلان دەرکرد، پاشئەوەی دانیبەوەدانا کە ئانتۆنیۆ بیلۆکۆی، کە کەسایەتییەکی دیاری مافیای ندرانگیتا بوو و ئەندامی ئاڵتراسی ئینتەرمیلان بوو، لە مانگی نۆی ساڵی رابردوودا کوشتووە.
پێریتا، دوای دەستگیرکردنی بووە گەواهیدەر لە بەرژەوەندیی دەوڵەت و هاوکاریی دادگای کرد لەگەڵ لێکۆڵەرەکان و بەوەش سزاکەی زۆر کەمکرایەوە.
هەرچی لوکا لۆچی، سەرۆکی مێژوویی ئاڵتراسی میلانە، کە ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە لەسەر دۆسێی بازرگانیکردن بەهۆشبەر، بە دە ساڵ بەندکردن و چوار ساڵ مانەوە لەژێر چاودێریی پۆلیس سزادرا، چونکە مافیای تاوانکاری دروستکردووە و لەکوشتنەوە گلاوە.
ئەگەرچی ژمارەیەک لە ئاڵتراسی هەردوو یانە لە دەرەوەی دادگا خۆپێشاندانیان بۆ پشتگیری هاوکارەکانیان سازکرد، بەڵام ئەوە هیچی لە بڕیارەکانی دادگا نەگۆڕی.
دادگا هەروەها فەرمانیداوە بەپێدانی بڕی 50 هەزار یۆرۆ بەهەریەکە لە یانەکانی میلان و ئینتەرمیلان، هەروەها 20 هەزار یۆرۆ بەدەستەی خولی سێری ئا، بەهۆی ئەو تاوانانەوەی زیانی بەهەرسێ لایەنەکە گەیاندووە.
داواکاری گشتی رایگەیاندووە کە سەرکردەکانی ئاڵتراسی هەردوو یانە، لەگەڵ مافیای ندرانگیتا، پڕۆسەی فێڵکردن و گزییان لە فرۆشتنەوەی بلیتی یارییەکانی هەردوو یانە و کۆشکەکانی فرۆشتنەوەی خۆراک و کهول و پارکی ئۆتۆمبێلی یاریگەی سانسێرۆ کە یاریگەی هاوبەشی هەردوو یانەیە، ئەنجامداوە.
لێکۆڵەران دەڵێن، ئەمە تاکە دۆسێ نییە کە لە تۆپی پێی ئیتاڵیادا لەبارەی تاوانی مافیاکان و گرووپە راستڕۆ تووندئاژۆکان ئەنجامدەدرێت، بەڵکو لە چەندین شاری دیکەی وڵاتەکە، هەمان پڕۆسە ئەنجامدەدرێت و لێکۆڵینەوە لێیان بەردەوامە.