گاتوزۆ: من هاری پۆتەر نیم و جادوو نازانم



رووداو دیجیتاڵ

یەکێتی تۆپی پێی ئیتاڵیا، جێنارۆ گاتوزۆی وەک راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی ئازووری دەستنیشانکرد، راهێنەرە ناسراوەکەی ئیتاڵیاش لە یەکەم دەرکەوتنیدا، بە قسەکانی خۆزێ مۆرینیۆی پورتوگالی دەستیپێکرد، کە ئەو هاری پۆتەر نییە و جادوو نازانێت، بەڵکو هاتووە تا هەڵبژاردەکە تووشی کەمترین هەڵە بێت
 
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا، گاتوزۆ روونیکردەوە کە لەبەردەم ئەرکێکی قورسدایە و گوتی: "مۆرینیۆ راستی دەکرد، من جادوو ناکەم. تەنها دەتوانم بەڵێن بدەم کە کاری زۆر بۆ ئەم ‌‌هەڵبژاردەیە بکەم.
 
رۆژەکان کەمن و دەبێت کەمترین هەڵە بکەین، دووبارەی دەکەمەوە: دەمانەوێت کەمترین هەڵە بکەین
 
ئەم وتەیەی گاتوزۆ، وەرگیراوە لە قسە بەناوبانگەکەی خۆزێ مۆرینیۆ کاتێک راهێنەری رۆما بوو و دوای دۆڕاندنی دێربی پایتەخت بەرامبەر لازیۆ لە جامی ئیتاڵیا،مۆرینیۆ رایگەیاندبوو کە ئەو جادووگەر نییە تا دۆخەکە بە خێرایی بگۆڕێت.
 
گاتوزۆ، کە بە رۆحیەتە جەنگاوەرانەکەی ناسراوە، داواکارییەکانیشی لە یاریزانەکانی نەشاردەوە و گوتی: "پێویستە یاریزانەکان بە خێرایی 100 میل لە کاژێرێکدا یاری بکەن، مەبەستی ئەوەبووە کە دەبێت زۆر خۆیان ماندوو بکەن، لە راهێنانەکاندا دەبێت تیپەکە بە هێز و بەوپەڕی پابەندبوونەوە کاربکات. گرنگ نییە لە دەرەوەی یاریگا چی روودەدات
 
ئێستا گەورەترین ئەرکی سەرشانی گاتوزۆ گەیاندنی ئیتاڵیایە بە جامی جیهانی 2026، بەتایبەت دوای ئەوەی ئازووری لە دوو مۆندیالی رابردووی 2018 و 2022 بەشدار نەبوو. گاتوزۆ کاتێکی زۆر کەمی لەبەردەستە و رووبەڕووی زنجیرەیەک یاریی چارەنووسساز دەبێتەوە، بۆ ئەوەی کۆتایی بەو خەونە ناخۆشەی ئیتاڵییەکان بهێنێت و هەڵبژاردەکەیان بگەڕێنێتەوە بۆ گەورەترین شانۆی تۆپی پێی جیهان.