بارسێلۆنا بە سوپرایزێک هاندەرانی یانەکەی دڵخۆش دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، بەتەواوی لە یەکلاکردنەوەی دووەم گرێبەستی هاوینە نزیکبووەتەوە و لەگەڵ نیکۆ ویلیامز، ئەستێرەی یانەی ئاتلێتیک بیلباو لەسەر مەرجە تاکەکەسییەکان گەیشتە رێککەوتن.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، یانەی بارسێلۆنا لەگەڵ نیکۆ ویلیامز گەیشتووەتە رێککەوتن، گرێبەستەکەی بۆ ماوەی 6 ساڵ دەبێت و تاوەکو 2031 گرێبەستەکە واژۆ دەکەن و مووچەکەی بۆ هەر وەرزێک لەنێوان 7 بۆ 8 ملیۆن یۆرۆ دەبێت.
 
دوای یەکلاکردنەوەی مەرجە تاکەکەسییەکان، ئێستا بارسێلۆنا دەچێتە نێو قۆناخێکی دیکەی گفتوگۆکان و لەگەڵ یانەی ئاتلێتیک بیلباو دەست بە گفتوگۆی کۆتایی دەکات.
 
ئەمە لەکاتێکدایە دیکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بارسێلۆنا رۆژی چوارشەممە چوومە بیلباو بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی یانەکە بکات.
 
نزیکبوونەوەی بارسێلۆنا لە گواستنەوەی نیکۆ ویلیامز بۆ یانەکەی لەکاتێکدایە ئەو یاریزانە بە هاوڕێ نزیکەکانی گوتووە وەرزی داهاتوو لە ئاتلێتیک بیلباو نابێت.
 
چەند رۆژێک لەمەوبەر یانەی بارسێلۆنا رایگەیاند، بارودۆخی ئابووریی یانەکە لە جێگیرەوە بۆ ئەرێنی گۆڕاوە، بەمەش لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا یانەکە دەتوانێت هەنگاوی زیاتر بچێتە پێشەوە و رۆژی چوارشەممەش بەشێوەیەکی فەرمی گواستنەوەی خوان گارسیا، گۆڵپارێزی یانەی ئیسپانیۆلی بۆ یانەکەی راگەیاند.
 
نیکۆ ویلیامز ماوەیەکی درێژە ئامانجی یانەی بارسێلۆنایە، یاریزانەکە پەیوەندییەکی زۆرباشی لەگەڵ لامین یامال هەیە و خەونی هەردوو یاریزانەکە ئەوەیە بەیەکەوە یاری بۆ بلاوگرانا بکەن، میدیای ئیسپانیا دەڵێت "لە دوای یاریی کۆتایی نەیشنسلیگ لەنێوان ئیسپانیا و پۆرتوگال، نیکۆ بە یاریزانانی بارسێلۆنای گوتووە، لەگەڵ خۆتان بمبەنەوە."
 
بەپێی هەواڵی راک وەنی ئیسپانی، گفتوگۆکانی نێوان هەردوو یانە هەنگاوی زۆرباش چوونەتە پێشەوە، ئێستا یاریزانەکە و یانەکە بەدوای گەرەنتیکردنی تۆمارکردنی ناوی یاریزانەکەوەن بۆ ئەوەی کارەکانی گواستنەوەی بگەنە قۆناخی کۆتایی.