ڤیدیۆ؛ ئەمشەو مێسی یاری دەکات؟

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئینتەرمەیامی دووەم یاریی لە مۆندیالی یانەکاندا ئەنجامدەدات و ماسکێرانۆ لەبارەی بەشداریکردنی مێسییەوە دڵنیایی دەدات.
 
لە دووەم یاریی لە پاڵەوانێتییەکەدا، ئینتەرمەیامی لە ئاتلانتا و لە یاریگەی مێرسیدس بێنز بەرامبەر یانەی پۆرتۆ یاریی دەکات.
 
دوای ئەوەی لە یاریی یەکەمیدا بەبێ گۆڵ لەگەڵ ئەهلی میسری یەکسانبوو، مەیامی چاوی لە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشترە، بەڵام ئەرکی زەحمەتترە، بەتایبەت کە پۆرتۆ یانەیەکی گەورە و بەنێوبانگی ئەورووپایە و ئەزموونی زۆرە.
 
لیۆنێل مێسی، لە دوایین مەشقەکان بە تەنیا راهێنانی کردووە و بەشداریی لە مەشقە بە کۆمەڵەکاندا نەکردووە، بۆیە ئەگەری هەیە یاری نەکات، یانیش ئەگەر یاریی بکات لە پێکهاتەی سەرەکیدا نەبێت، بەهۆی ئەوەی هەستی بە ئازار کردووە، ئەمە پرسیاری زۆری لای هاندەرانی لیۆ دروستکردبوو.
 
خاڤێر ماسکێرانۆ، راهێنەری یانەی ئینتەرمەیامی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەی ئەمشەو لەبارەی یارییکردنی مێسییەوە دەڵێت "مێسی بەتەواوی راهێنانی کردووە، هیچ کێشەیەکی نییە، بەشداریی لە هەموو راهێنانەکاندا کردووە، بینیم کامێرەکان سەرنجیان خستبووە سەری کاتێک دەستی لەسەر قاچی دادەنا، بەڵام هیچ رووینەداوە و ئەو باشە و یاری دەکات."
 
هەردوو یانە لە گەڕی یەکەمدا خاڵێکیان بەدەستهێناوە و ئەمشەو بەدوای بردنەوەی یەکەم سێ خاڵدا دەگەڕێن.