یانەی هەولێر بۆ سەرکەوتن گەشتی بەغدای کردووە
رووداو هەولێر
ئەمڕۆ لە گەڕی 36ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق کاژێر 21:30 یانە هەولێر لەنێو یاریگەی شەعبی بەغدا دەبێتە میوانی یانەی جەوییە و ئامانجی ئەوەیە بە سێ خاڵەوە بگەڕێتەوە هەولێر.
یانەی هەولێر بەهیوای قەرەبووکردنەوەی دۆڕانی یاریی رابردووی و گەڕاندنەوەی دڵخۆشی بۆ نێو هاندەرانی گەشتی شاری بەغدای کردووە. تیپەکە بەر لە یارییەکە دوایین یەکەی راهێنانی لەنێو یاریگەی بورجی زانکۆی بەغدا ئەنجامدا، تەواوی یاریزانانی یانەی هەولێر بۆ یارییەکە بە مۆڕاڵێکی بەرز ئامادەن.
کامەران محەممەد، سەرپەرشتیاری یانەی هەولێر لە لێدوانێکیدا بۆ رووداو گوتی "تیپەکە لەنێو بارودۆخێکی ئارامدایە، لە شوێنی حەوانەوەمانین لە شاری بەغدا، راستە ژمارەیەکی زۆری یاریزانی پیشەگەر و کاریگەرمان رۆیشتوون، بەڵام بیرکردنەوەمان ئەوەیە یاریزانەکانی ناوخۆی شاری هەولێر ئاستبەرزن و هیچیان لەو یاریزانانە کەمتر نین کە رۆیشتوون".
بەهۆی پێنەدانی مووچە و شایستە داراییەکانیان، یاریزانانی هەولێر سێ رۆژ بوو بایکۆتی راهێنانەکانیان کردبوو، بەر لە گەشتکردنیان بۆ شاری بەغدا درێس زەردەکان یەکەیەکی راهێنانیان لەنێو یاریگەی فرانسۆ هەریری پایتەختی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا.
سەرپەرشتیاری یانەی هەولێر زیاتر روونیکردەوە "بڕوامان بەهەموو ئەنجامێک هەیە، چونکە لە تۆپی پێدا بردنەوە و دۆڕاندن هەیە، بەڵام کە دەچینە نێو یاریگەی دروشمی ئێمە سەرکەوتن دەبێت".
یانەی هەولێر بەکۆکردنەوەی 44 خاڵ لە پلەی سێزدەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقە. یانەی جەوییەش پلەی پێنچەمی ریزبەندیی خولەکەی گرتووە بەکۆکردنەوەی 57 خاڵ.