فلۆرینتینۆ پێرێز، لەنێوان زەینەدین زیدانى یاریزان و راهێنەردا
سەرەتاى شۆڕشەکەى فلۆرینتینۆ پێرێز لە بازاڕى گواستنەوەى یاریزانان، بۆ ساتى لەدەستدەرهێنانى فیگۆ لە چنگى بارسێلۆنا دەگەڕێتەوە. لەوساتەوە پێرێز کێى ویستبا، بە هەر نرخێک بووبێت ئەم سەرمایەدارە ئارەزووى هێنانى هەر ئەستێرەیەکى کردبا بۆ ریزەکانى ریاڵ مەدرید دەگواستەوە.
بێباکى پێرێز لە بەخەرجدانى پارە بۆ گواستنەوەى یاریزان و راهێنەر واى کرد بڕەپارەیەکى زۆر لە خەزێنەى ئەم یانەیە بۆ ئەستێرەى ناودارى تۆپى پێ خەرج کرا، ساڵانە ریاڵ هەر پارەى زۆرى بۆ گواستنەوەى یاریزان خەرج دەکرد، لە گواستنەوەى ژمارەیەکى بەرچاویان تووشى زیانى ماددى و پەشیمانیى بوو، هەروەها بووە دۆزەخێک بۆ کۆمەڵێک ئەستێرە. ریاڵى خەونەکان، ریاڵى سەردەمى سەرۆکایەتى پێرێزە. واتە ئەم سەرۆکە بوارێکى بۆ هێنانەپێشەوەى یاریزانى تازەپێگەیشتوو، نەهێشتبووەوە، بوارى نەدەدا یانەکە بە تێپەڕبوونى کات یاریزانى لاو لەنێو یانەکە پێبەگەیەنێت.
لە هەمووى کێشەتر شکستى ژمارەیەک گرێبەست و داتەپینى ئاستى ژمارەیەک یاریزان کە پەیوەندییان بە ڕیاڵ مەدریدەوە کرد چەندین یاریزان و راهێنەر بە وانەوەگرتن لە هەڵە و پەشیمانى ژمارەیەک یاریزان و راهێنەرى شکستخواردوو لە ریاڵ، ئامادە نەبوون پەیوەندیى بە ریزەکانى یانەى ریاڵ مەدریدەوە بکەن. ئەم سیاسەتى هەڵڕشتنى پارە زۆرەى پێرێز تا ساتى دەستبەکاربوونى زیدان درێژەى هەبوو. لەگەڵ دەستبەکاربوونى ئەستێرەى پێشووى یانەى مەدرید وەک راهێنەرى مێرەنگى، هەموو شتێک گۆڕانى بەسەردا هات.
زیدان تەنیا شەش مانگى پێویست بوو بۆئەوەى هەموو جوڵانە نەخوازراوەکانى پێشووى سەرۆکى ریاڵ مەدرید کۆتاییى پێ بێت. لەگەڵ سەرکەوتنى لە یەکەم وەرزى دەستبەکاربوونى دواى ئەوەى جیاوازى خاڵەکانى لەگەڵ پێشەنگى ریزبەندى لالیگا لە ١٢ خاڵەوە بۆ ١ خاڵ داگرت، پاشان ناسناوى چامپیۆنس لیگى بۆ مەدرید بەدەستهێنا. ئیدى زیدان رێگرى کرد لە خەرجکردن و بەهەدەردانى پارەى زۆر لە بازاڕى گواستنەوە، بەجۆرێک ئەو سیاسەتەى پێچەوانە کردەوە. وەرزى یەکەم خەرجکردن و بەدەستهێنانى پارەى لە بازاڕى گواستنەوە وەک یەک لێ کردەوە.
لە دووەم وەرزى دەستبەکاربوونى یانەکە بە سوودوەرگرتن لە پێشخستنى ئاستى زۆربەى یاریزانەکان و هێنانەپێشەوەى ژمارەیەک یاریزانى لاو، دەرفەتپێدانى زۆر بە سەرجەم یاریزانە یەدەگەکان وای کرد، یانەکە پێویستى بە یاریزانى نوێ نەبێت، منەتى بە پێکرانى ئەم یان ئەو ئەستێرە نەبێت. هاوکات توانى پارەیەکى زۆر بۆ خەزێنەى یانەکە بگەڕێنێتەوە.
واتە دوو ساڵى تەمەنى راهێنەرى زیدان فلۆرینتینۆ پێرێز پێچەوانەى تەمەنى سەرۆکایەتیکردنى یانەکە، کەمترین جموجۆڵى لە بازاڕى گواستنەوە هەیە، هەموو شتێکى بۆ زیدان جێ هێشتووە. بە پێچەوانەى ساڵانى رابردوو پەلە ناکات لە بڕیاردان، چ لە هێنانى یاریزان، چ لە ئاست و ئەنجامى یانەکە، چ لە گرفت و نیگەرانیى یاریزانەکانى، ئێستا دەسەڵاتى سەرەتا و کۆتاى سپاردووە بە زیدانى راهێنەر. بۆ ساڵى دووەم لەسەر یەک یانەکە کەمترین جوڵە دەکات لە بازاڕى گواستنەوە، هاوکات خواستێکى زۆر لەسەر گواستنەوەى ژمارەیەکى زۆر لە یاریزانەکانى مەدرید هەیە، جگە لە فرۆشتنى مۆراتا، جەیمس رۆدریگێز و دانیێلۆ، خواستێکى زۆریش لەسەر گواستنەوەى ئیسکۆ، ئەسیۆنسۆ، بەیڵ، موودریچ هەیە، بەڵام راهێنەر جگە لە یاریزانى یەدەگە نیگەرانەکانى ساڵى رابردوو، دەستبەردارى هیچ یاریزانێکى نەبووە.
ئەم وەرزە سیۆ هێرنادیز، مارکۆس یۆرێنتى سیبایۆسى بە بڕەپارەیەکى سنووردار بۆ ریزەکانى ریاڵ گواستووەتەوە. لە هەمووى گرنگتر پێرێز دەستبەردارى هێنانى ژمارەى گەورەى جیهانى تۆپى پێ بووە، کە ساڵانە بەنێو خولە بەهێزەکان دەگەڕا، کێ دەبووە باشترینى خولەکان راستەوخۆ بێ گوێدانە بەرزى نرخەکەى بۆ ریزەکانى مەدریدى دەگواستەوە. هاتنى زیدان شکۆیەکى گەورەى بۆ ریاڵ مەدرید گەڕاندەوە، جاران یانەى پارە بوو، ئێستا یانەى بەدەستهێنەرى پارەیە، جاران یانەى زیانمەندى بازاڕى گواستنەوە بوو، ئێستا قازانجکەرى بازاڕى گواستنەوەیە، جاران ئارامى نەدەگرت یاریزانێک سێ بۆ چوار ساڵ لە یانەکە بمێنێتەوە ئێستا زۆربەى یاریزانەکان ٧ بۆ ٩ ساڵە لە پێکهاتەى سەرەکیى تیپەکەدان. جاران راهێنەرگۆڕینى کردبووە پیشە، ئێستا دەڵێ ئامادەم بۆ ساڵانێکى زۆر زیدان لە پۆستى راهێنەرى مەدرید بهێڵمەوە.
جاران ریاڵ دەدرایە بەر توانجى ئەوەیە کە تیپێکى حازرخۆرە و ناتوانێ جیلێکى نوێ بۆ خۆى و تۆپى پێ پێبگەیەنێت، بەڵام ئێستا لە هەر تیپێک زیاتر ستایشى زیدان و ریاڵ مەدرید دەکرێت لە پێگەیاندنى جیلێکى تازەپێگەیشتوو. بە کورتى کە زیدانى یاریزان هات بۆ ریاڵ یانەکە راپەڕینى پارەخەرجکردن و هێنانى ئەستێرە گەورەکانى دەست پێ کرد، کە زیدانیش بوو بە راهێنەرى ریاڵ مەدرید، سیاسەتى دەستنوقاویى لە خەرجکردنى پارە و پشتکردن لە هێنانى ئەستێرە گرانبەهاکان دەستى پێ کرد.
ماوییەتى