هانز فلیک: تیپێک ئاسان نییە یوڤێ و مانچێستەر سیتی لە چامپیۆنزلیگ دەرکردبێت
رووداو دیجیتال
هانز فلیک، راهێنەری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، دووپاتیکردەوە کە بە هەموو شێوەیەک خۆیان ئامادەکردووە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن بەسەر لیۆنی فەرەنسیدا و گوتی "لیۆن تیپیکی بەهێزە، ئێمە کارمان لەسەر خاڵە لاواز و بەهێزەکانی کردووە".
ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، هەردوو یانەی لیۆنی فەرەنسی و بایرن میونشنی ئەڵمانی لە پۆرتوگال یاری پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ ئەنجام دەدەن و براوەیان یاریی کۆتایی لەگەڵ پاریس سانجێرمانی فەرەنسی دەکات.
هانز فلیک، راهێنەری یانەی بایرن میونشن، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەی کرد و لەبارەی تیپە رکابەرەکەیانەوە، گوتی "هیوادارم بە باشی شرۆڤەی لیۆنمان کردبێت، دەزانین کە خاوەنی کۆمەڵێک یاریزانی بەتوانایە، ریزەکانی پتەون، یاریزانەکانی زۆر بەباشی بەرگری دەکەن، بەردەوام رادەکەن و بەدوای تۆپەوەن، هێرشبەری باشیشی هەیە، بۆیە زۆر پێویستە بە پلانێکی گونجاو رووبەڕوویان ببینەوە".
راهێنەری بایرن میونشن، هەروەها گوتی "ئێمە بۆ هەموو ئەو شتانە خۆمان ئامادەکردووە، کارمان لەسەر خاڵە لاواز و بەهێزەکانی کردووە، دەمانەوێت بگەینە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ، بەڵام ئەوەش دەزانین کە ئەرکمان ئاسان نابێت، چونکە دوو تیپی لە پاڵەوانێتییەکە دەرکردووە کە پاڵێوراوی نازناوەکە بوون، یوڤێنتوس و مانچێستەر سیتی. لیۆن تیپێکی جیاوازە و پێویستە بەباشی بۆ یارییەکە ئامادەبین".
سەبارەت بە چاکبوونەوەی یاریزانەکەی، بنیامین باڤاردی بەرگریکاری فەرەنسی یانەکەیشی لە پێکانەکەی و ئەگەری بەشداریکردنی لە یارییەکەدا، هانز فلیک گوتی "باڤارد کۆششێکی زۆری کردووە و دڵخۆشین کە بۆ ئەم یارییە لەگەڵماندایە، با بزانین چی روودەدات، ئەو بەشێوەی سەرەکی یاری ناکات، بەڵام لەوانەیە لەسەر کورسی یەدەگ بێت".