ڤیدیۆ؛ رۆناڵدۆ و بنزیما رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوایین ئامادەکارییەکان کران، بۆ یارییەکی گرنگ و یەکلاکەرەوە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ و کەریم بنزیما بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی جامی سوپەری سعودیە رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
یارییەکانی جامی سوپەری سعودیە لە هۆنگ کۆنگ دەکرێن، نەسڕ و ئیتیحاد لە یەکەم یاریی قۆناخی پێشکۆتاییدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە، یارییەکە لە یاریگەی هۆنگ کۆنگ دەکرێت و 40 هەزار هاندەر لە یاریگەکەدا جێگەیان دەبێتەوە.
یانەی نەسڕ بە گۆڕانکاریی گەورە دەست بە وەرزی نوێ دەکات، لە هێنانی خۆرخی خیسوس، ئەو راهێنەرەی پێشتر لەگەڵ هیلال دەستکەوتی زۆری هەبووە و بە گواستنەوەی جواو فێلیکس، ئینیگۆ مارتینێز و کینگێسلی کۆمان، تیپێکی بەهێزی لە دەوری کریستیانۆ رۆناڵدۆ کۆکردووەتەوە و دەیەوێت بەبردنەوە لە ئیتیحاد یەکەم هەنگاو بەرەو بردنەوەی نازناوی یەکەمی ئەم وەرزە بنێت، بەتایبەت کە یانەکە چەند ساڵێکە لە بردنەوەی نازناوەکەوە دوورە.
ئیتیحاد بە سەرکردایەتیی فەرەنسییەکان، لۆران بلانی راهێنەر، کەریم بنزیما و ئێنگۆلۆ کانتێی داینەمۆی هێڵی ناوەڕاست، وەرزی بوونە پاڵەوانی خولی سعودی و لە گواستنەوەی هاوینەدا کەمترین گۆڕانکارییان کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تیپەکە بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە یاریی کۆتایی جامەکە ئامادەیە.
وەرزی رابردوو لە خولی سعودیدا ئیتیحاد هەردوو یارییەکەی لە نەسڕ بردەوە و دەیەوێت سێیەم بردنەوەی لەسەریەک بەرامبەر ئەو یانەیە تۆماربکات، کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەیەوێت کۆتایی بە چاوەڕوانیی هاندەرانی یانەکەی بهێنێت و هەنگاوێک لە بردنەوەی نازناوێکی فەرمی لەگەڵ یانەکە نزیکببێتەوە.
ئەم یارییە رووبەڕووبوونەوەی دوو ئەستێرەی بەنێوبانگە، رووبەڕووبوونەوەی دوو هاوڕێی پێشووە کە بەدرێسی سپی ریال مەدریدەوە ساڵانی زۆر تۆڕی رکابەرەکانیان هەژاندووە، بەڵام ئەمڕۆ یەکێکیان ماڵئاوایی دەکات و ئەوەی دیکە دەگاتە یاریی کۆتایی.