ڤیدیۆ؛ ریال مەدرید بە یارییەکی زەحمەت دەست بە وەرزی نوێی لالیگا دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

ریال مەدرید بەئامانجی دەستپێکردنێکی بەهێز یەکەم یاریی ئەم وەرزەی بە میوانداریکردنی ئۆساسونا دەستپێدەکات، یانەی میوانیش دەیەوێت لە یەکەم هەنگاوەوە بە هاندەرانی بڵێت بەردەوام دەبین لەسەر ئاست و ئەنجامە باشەکانی وەرزی رابردوومان.
 
مێرینگێ ئامادەکارییەکی باشی بۆ ئەم وەرزە نەکردووە بەهۆی کەمی کات، کە لەدوای بەشداریکردنی لە جامی جیهانی یانەکان، تەنیا یەک یاریی دۆستانەی کردووە، کاتێک چوار بە هیچ لە تیرۆلی نەمسایی بردەوە، بۆیە ئەرکی ئەلۆنسۆی راهێنەر و یاریزانەکانی لەم یارییەدا ئاسان نابێت، بەتایبەتی کە ئۆساسونا تیپێکی بەهێز و رێکخراوی لالیگایە. لانیکەم لە دوایین دوو ساڵدا.
 
ئەوەی ئەرکی تیپی شاهانە قورستر دەکات ئەوەیە کە پێکهاتەی ئەلۆنسۆ بێبەش دەبێت لە تواناکانی هەریەک لە جود بێلينگهام، كاماڤینگا، مێندی و ئیندریک کە هێشتا بەتەواوی لە پێکانەکانیان چاک نەبوونەتەوە. 
 
زێدەباری ئەوە، ئەنتۆنیۆ رۆدیگێری بەرگریکاری ئەڵمانیش ناتوانێت بەشداری لەم یارییەدا بکات، بەهۆی سڕکردنی لە شەش یاری، کاتێک لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیای وەرزی رابردوودا بتڵێکی لە ناوبژیوان گرت و دوای ئەم یارییە سزاکەی تەواو دەبێت.
 
ئەلۆنسۆی راهێنەر دەیەوێت هەرزوو بە هاندەرانی ریال مەدرید بڵێت، سەردەمێکی نوێی دوای سەردەمی کارلۆ ئەنچێلۆتی دەستیپێکردووە و ئیدی دەبینەوە ئەو تیپەی کە نە ئۆساسونا و نە هیچ یانەیەکی دیکەی ئیسپانیا حەز بە رووبەڕووبوونەوەیان ناکات.
 
ئەرکی ئەلۆنسۆ ئاسان نییە، سەرەڕای ئەوەی چەند گرێبەستێکی نوێی کردووە، بەتایبەتی ئارنۆڵد، دین هاوسن، کارێراس و ماستانتونۆ، چونکە هێشتا زۆر ئەرکی ماوە جێبەجێیان بکات، بەتایبەتیش رێکخستنەوەی هێڵی هێرشبردنی تیپەکەی، بەشێوەیەکی روونتر پێکەوە گونجاندنی کیلیان ئێمباپێی فەرەنسی و ڤینیسیۆس جۆنیۆری بەرازیلی، کە لەسەردەمی ئەنچێلۆتیدا نەیانتوانی سوود لە تواناکانی یەکدی وەربگرن و ببنە دووانەیەکی لەگەڵ یەکدی گونجاو و تۆقێنەر، کە بەدڵنیاییەوە ئەگەر چابی نەیتوانی ئەو کارە بکات، کێشەیەکی گەورەی بۆ دروست دەبێت و کاریگەری لەسەر دۆخی گشتیی تیپەکە دەبێت.
 
ئۆساسونا لە وەرزی رابردوودا باشترین وەرزی لەمێژووی خۆیدا پێشکێش کردووە، لالیگای لە پلەی نۆیەمی ریزبەندیی تەواوکرد و گەیشتە قۆناخی چارەکی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا، بۆیە هەمان ئەو یاریزانانە دەتوانن ببنە مایەی سەرئێشە بۆ ریال مەدرید، تەنانەت ئەگەر لەنێو سانتیاگۆ بێرنابیۆش بێت.