ئیرۆن خەلیفانی بۆ رووداو سپۆرتس: پێنج مووچەم لەلای یانەی هەولێرە
رووداو دیجیتاڵ
ئیرۆن خەلیفانی، فۆتۆگرافەری یانەی هەولێر هۆکاری رۆیشتنی لە یانەی پایتەخت بۆ رووداو سپۆرتس ئاشکرا دەکات و دەڵێت" پێنج مووچەم لەلای یانەی هەولێرە".
خەلیفانی، تەمەنی 25 ساڵە و سێ ساڵە، فۆتۆگرافەری یانەی هەولێرە، ئەو لە دڵی هاندەرانی یانەکەدا شوێنێکی تایبەتی هەیە، لە دوێنێوە وازهێنانی ئەو فۆتۆگرافەرە گەنجە، مشتومڕێکی زۆری لە سۆشیال میدیا درووستکردووە.
ئەو وێنەگرە، سەبارەت بە رۆیشتنی یانەی هەولێر بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "دڵتەنگم بە بەجێهێشتنی یانەکەم، من داوای 30 ملیۆنم کرد وەک شایستەی داراییم لە یانەکەدا، بەڵام یانەکەم رازی نەبوو، منیش ئەوەندە یانەکەم خۆشدەوێت، گوتم سی ملیۆنەکەم ناوێت، تەنیا مووچەی مانگانەم بۆ زیادبکەن، بەڵام یانەکە ئەوەشیان بۆ نەکردم و گوتیان ناتوانین هیچت بۆ زیاد بکەین".
ئەو وێنەگرە زیاتر بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "من بە تاکسی لە خەلیفانەوە بۆ هەولێر دەهاتم، بەڵام هیچ کاتێک گوێم لەوە نەبووە و ئامادەی یارییەکان بوومە، بەڵام من بۆ هاندەران زۆر دەڵتەنگم، لە دوێنێوە بە هەموو شێوەیەک هاشتاگیان درووستکردووە بۆ مانەوەم لە یانەکە، من هەرگیز ئەو هەڵوێستەی یانەکەم لەبیرناکەم".
خەلیفانی، سەبارەت بە شایستە داراییەکان بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "من پێنج مووچەم لە یانەکە ماوە و رۆژێک لە رۆژان لە هیچ شوێنێک نەمگوتووە کە یانەکەم شایستە داراییەکانی نەداومەتێ، هەمیشە متمانەم بە یانەکەم هەبووە، من کامێراکەم شکا، تێچووەکەی سێ هەزار دۆلارە، تەنانەت ئامادەبووم هەزار دۆلار خۆم بیدەم و یانەکەم ئەوەی دیکە بدات، هەر رەتیانکردەوە".