رۆناڵدۆ ئاهەنگی گەیشتن بە 800 گۆڵ دەگێڕێت



رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی یانەی نەسڕی سعوودی، بە تۆمارکردنی گۆڵێکی سەرنجڕاکێش لە یارییەکەی نەسڕ بەرامبەر فەتح، گەیشتە 800 گۆڵ لە کاروانی وەرزشی خۆیدا لەگەڵ یانەکان. ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی نوێیە لە مێژووی تۆپی پێدا و هیچ یاریزانێک پێی نەگەیشتووە.
 
نەسڕ لە یارییەکەدا بە 5-1 گۆڵ لە فەتحی بردەوە. رۆناڵدۆ سەرەڕای لەدەستدانی لێدانی سزا لە خولەکی 59 بەڵام راستەوخۆ دوای یەک خولەک گۆڵێکی جوانی بەلێدانێکی بەهێز، لە دەرەوەی ناوچەی سزا تۆمارکرد و گۆڵی ژمارە 800ـی لە کاروانی وەرزشیی خۆیدا لەگەڵ یانەکان تۆمارکرد.
 
رۆناڵدۆ 800 گۆڵەکەی خۆی لەگەڵ پێنج یانەی جیاواز تۆمارکردووە، ئەو لە سپۆرتینگی پۆرتوگالییەوە پێگەیشتووە و ئێستا لە نەسڕی سعودییە، لەو نێوانەدا یاریی بۆ یانەکانی مانچێستەر یونایتد، ریال مەدرید و یوڤێنتۆس  کردووە.
 
دوای یارییەکە، رۆناڵدۆ لە پەیامێکدا لە ئینستاگرام نووسی، "سەرکەوتن رووداو نییە".
 
سەرکەوتنەکەی نەسڕ، ئەو یانەیەی بردە پێشەنگی ریزبەندی خولی سعودیە بەکۆکردنەوەی 15 خاڵ.
 
رۆناڵدۆ و نەسڕ سەرنجیان دەگوازنەوە سەر چامپیۆنزلیگی دووەمی ئاسیا و یانەکە رۆژی چوارشەممە لەو پاڵەوانێتییە رووبەڕووی یانەی گوای هیندی دەبێتەوە، بەڵام دیاری نییە کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ تیپەکەی گەشتی هیندستان دەکات بۆ بەشداریکردن لە یارییەکە یان نا.
 
رۆناڵدۆ لە دوو یاریی یەکەمی یانەکەی لە پاڵەوانێتییە ئاسیاوییەکە بەشداریی هیچ یارییەکی نەکردووە.