فێلیکس هاتریکی تۆمارکرد و رۆناڵدۆش گۆڵێکی سەرنجڕاکێش

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی نەسڕ بەسەرکردایەتیی جواو فێلیکس و کریستیانۆ رۆناڵدۆ، بردنەوەیەکی گەورەی لە خولی سعودیدا تۆمارکرد و درێژەی بە ئەنجامە باشەکانیدا.
 
لە گەڕی پێنجەمی خولەکەدا، نەسڕ میوانداریی یانەی فەتحی کرد، دوای 13 خولەک یارییکردن جواو فێلیکس بەلێدانێکی بەهێز گۆڵی پێشکەوتنی بۆ نەسڕ تۆمارکرد، نیوەی یەکەم بەو گۆڵە کۆتاییهات.
 
لە خولەکی 54 سوفیان بن دەبکە ئەنجامەکەی بۆ یانەی فەتح یەکسانکردەوە.
 
دوای ئەوە نەسڕ ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد و کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە خولەکی 60 گۆڵێکی زۆر تایبەت و سەرنجڕاکێشی تۆمارکرد و هەمووانی سەرسامکرد.
 
دوای حەوت خولەک، فێلیکس گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی نەسڕی تۆمارکرد، پاشان کینگێسلی کۆمان بۆ جاری چوارەم تۆڕی گۆڵی یانەی میوانی هەژاند.
 
چوار خولەک دوای گۆڵەکەی کۆمان، جواو فێلیکس هاتریکی تۆمارکرد و بۆ جاری پێنجەم تۆڕی هەژاند، نەسڕ یارییەکەی بە پێنج گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە و ئەمە پێنجەم بردنەوەی لەسەریەکە تۆمار دەکات و بە 15 خاڵ لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەیە.