میلان بەبردنەوە دەچێتە پێشەنگی ریزبەند
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئەیسی میلان لەبەردەم هەلێکی گەورەدایە بۆ ئەوەی بچێتە پێشەنگی ریزبەندی سێری ئا، کاتێک لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر فیۆرێنتینا یاری دەکات.
لە درێژەی یارییەکانی گەڕی حەوتەمی خولی ئیتاڵیادا، ئەمشەو کاژێر 21:45 لە سانسیرۆ یانەی ئەیسی میلان بەرامبەر فیۆرێنتینا یاری دەکات و بەبردنەوەی یارییەکە یانەکە دەچێتە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە.
ناپۆلی لە یارییەکەیدا بەرامبەر تۆرینۆ دۆڕاوە و ئێستا تەنیا دوو خاڵ لە میلانەوە دوورە، ئینتەرمیلان لە رۆمای بردووەتەوە و بەهەمان شێوە دوو خاڵ لە میلانەوە دوورە، بەمەش بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمشەو رۆسۆنێری دەچێتە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە.
ئەیسی میلان لە دوای دۆڕانی بەرامبەر کرێمۆنێزییەوە هیچ یارییەکی دیکە نەدۆڕاندووە لە 6 گەڕدا چوار بردنەوە، یەکسانبوونێک و دۆڕانێکی هەیە و ئێستا لە پلەی چوارەمە، فیۆرێنتینا لە دۆخێکی خراپدایە لە 6 یارییدا هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە، سێ دۆڕان و سێ یەکسانبوونی هەیە و ئێستا لە پلەی هەژدەیەمی ریزبەندە.
ماسیمیلیانۆ ئالێگری، راهێنەری ئەیسی میلان بەر لە یارییەکە قسەیکرد و گوتی "ئێمە بەبێ رابیۆ و پولیسیچ دەبین، پێموانییە تاوەکو پشووی نێودەوڵەتی داهاتوو بگەڕێنەوە، ئێستۆپینان بەهۆی کێشە لە پاژنەی پێیدا ئامادە نابێت، هەڵسەنگاندن بۆ دخۆی ئێنکونکو دەکەین، هێشتا کێشە لە پەنجەیدا هەیە، بۆیە بەر لە یارییەکە دوایین هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین، جگە لەو یاریزانانە ئەوانەی دیکە هەمووان ئامادەن."